سەڵاحەدین بەهائەدین: پێویستە هێزە سیاسییەكانی هەرێم كۆتایی بە ناكۆكی ناوخۆیی بهێنن

- 12/11/2019 8:40:00 PM 1345 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

ئەمینداری گشتی یەكگرتوی ئیسلامی كوردستان رایگەیاند، پێویستە هێزە سیاسیەكانی هەرێم كۆتایی بە ناكۆكی ناوخۆیی بهێنن بە تایبەت کە عێراق لەبەردەم گۆرانكاریەكی ترسناكدایە، دەشڵێت "وەکو رەوتی ئیسلامسی لە کوردستاندا هەمیشە بە ئەخلاق ڕوبەروی كێشەکان بوینەتەوە".

پێویستە هێزە سیاسیەكانی هەرێم لەمكاتەدا كە عێراق لەبەردەم گۆڕانكارییەكی ترسناكدایە ماڵی كوردستان یەكبخەن

سەڵاحەدین محەمەد بەهائەدین، ئەمینداری گشتی یەكگرتوی ئیسلامی كوردستان لە کاتی بەشداریکردنی لە پرسەی سدیق عەبدولعەزیز، ڕابەری پێشوی بزوتنەوەی ئیسلامی ئاماژەی بەوەشکرد "پێویستە هێزە سیاسیەكانی هەرێم لەمكاتەدا كە عێراق لەبەردەم گۆڕانكارییەكی ترسناكدایە ماڵی كوردستان یەكبخەن و بارودۆخەكە دەخوازێت كۆتایی بە ناكۆكیی ناوخۆی بهێندرێت و جیاوازی لە ڕاوبۆچوندا نەبێتە مایەی تێكدانی بارودۆخ و دوژمن پەلكێش نەكرێت بۆسەر هەرێم".

 هەموان دەزانن كە لە هەرێمدا رەوتێكی رەسەن و خۆماڵیە

لەبارەی رۆڵی هێزە ئیسلامییەکانی کوردستانیش لە چارەسەکردنی کێشەکاندا سەڵاحەدین بەهائەدین رونیدەکاتەوە، "خوالێخۆشبو شێخ سدیق عەبدولعەزیز كەسایەتی ئیسلامی دیاری هەرێمی كوردستان بوە و ڕۆڵ و كاریگەری لەهەرێمی كوردستاندا هەبوە، هەموان دەزانن كە لە هەرێمدا تەیارێكی رەسەن و خۆماڵیەو ئەگەر بۆچونەكان جیاوازیان هەبوبێت، بەڵام هەمیشە بە ئەخلاق ڕوبەری كێشەو گیروگرفتەكان بوینەتەوە".

رۆژی دوشەممەش ئەمینداری گشتی یەكگرتوی ئیسلامی كوردستان لە کاتی بەشداریکردنی لە كۆنفرانسی دەزگای زانستە شەرعیەكانی یەكگرتودا لە سلێمانی رایگەیاند، شوناسی میللەتی کورد لە "خەتەردایە" و لەچەندین رێگاوە کار لەسەر لەخشتەبردن  و ونكردنی شوناسی گەنجان و لاوان و چین و توێژەكانی میللەت دەكرێت.

ئەوە لە کاتێکدایە لە ئیستادا لەسەر شێوازی مامەڵەکردن لەگەڵ عێراق دوای دەستپێکردنی خۆپیشاندانەکان بۆچونی جیاواز لە نێوان هێزەکانی هەرێمدا هەیە و بەشێک لە پارتە سیاسییەکانیش سەرقاڵی کۆنگرەی خۆ نوێکردنەوەن لەناویشیاندا یەکگرتوی ئیسلامی، کە بڕیارە بەر لە کۆتایی ئەمساڵ یەکگرتو کۆنگرەی هەشتەمی خۆی ئەنجامبدات و لە ئیستادا کۆنفرانسی زۆرینەی مەڵبەندەکانی تەواو کردوە و بڕیارە هەفتەی ئایندەش سەرکردایەتی ئەو حزبە رۆژی بەستنی کۆنگرە لە کۆتایی ئەم مانگەدا دیاریبکات.


نیشانەکردن :

#یه‌كگرتوو

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP