پنتاگۆن: دەبێت لە باكوری سوریا لێكۆڵینەوە لە ئەنجامدانی تاوانی جەنگ بكرێت

- 12/11/2019 8:26:00 PM 4719 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

وەزیری بەرگری ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریکا رایگەیاند، پێویستە لێکۆڵینەوە لە ئەگەری ئەنجامدانی تاوانی جەنگ لە سوریا بكرێت، دوای دەستپێکردنی هێرشەکانی سوپای تورکیا بۆ ئەو وڵاتە و دەشڵێت، ئەگەر سەلمێندرا تاوانی جەنگ ئەنجامدراوە دەبێت سزای بەرپرسیاران بدرێت.

ژمارەی سەربازانی سوپای وڵاتەکەی لە باکور و رۆژهەڵاتی سوریا لە نێوان 500 بۆ 600 سەربازدایە

مارک ئێسپەر، وەزیری بەگری ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریکا ئەمڕۆ چوارشەممە لەبەردەم ئەندامانی کۆنگرێسدا رایگەیاند، لە ئێستادا ژمارەی سەربازانی سوپای وڵاتەکەی لە باکور و رۆژهەڵاتی سوریا لە نێوان 500 بۆ 600 سەربازدایە و لە ژمارەیەک خاڵی چاودێری و بنکەی سەربازی بڵاوەیان پێکراوە.

تا داعش مەترسی بێت لە سوریا دەمێنینەوە

سەبارەت بە ماوەی مانەوەی سوپای وڵاتەکەشی لە سوریا ئێسپەر رونیدەکاتەوە، "سوپای ئەمریکا تا ئەو کاتەی مەترسی سەرهەڵدانەوەی داعش لە ناوچەکانی باکور و رۆژ‌هەڵاتی سوریا و سوریا بە گشتی بونی هەبێت هێزەکانیان لە جێگاکانی خۆیان دەمێننەوە".

هەفتەی رابردوش وەزیری بەرگریی ئەمریکا ئەوەی خستەڕو، پرۆسەی کشاندنەوەی سەربازەکانیان لە باکوری رۆژهەڵاتی سوریا کۆتاییهاتوە و ئێستا نزیکەی 600 سەربازیان لە چەند ناوچەیەکی دیکەی سوریادا جێگیرکردوە.

ئەوەش لە کاتێکدایە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریکا سەرەتای تشرینی یەکەمی ئەمساڵ رایگەیاند، هێزەکانیان لە سوریا دەکشێننەوە و ئەوان ناتوانن بەر بەو جەنگە بگرن کە ماوەی سەد ساڵە لە ناوچەکەدا بونی هەیە، ئەوەش هاوکات بو لەگەڵ سەرەتای دەستپێکردنی هێرشەکانی سوپای تورکیا بۆ سەر هەسەدە، بەڵام دواتر و لەسەر داوای کۆنگرێس ترەمپ بەشێکی هێزەکانی ئەمریکا بۆ ناوچەکانی باکوری سوریا گەڕاندەوە.



Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP