خەندان پێشنیازی لایەنەکان لە بارەی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق بڵاودەکاتەوە

- 12/11/2019 6:44:00 PM 2195 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-


لەئێستادا پەرلەمانی عێراق سەرقاڵی پەسەندکردنی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانەو بەوهۆیەوە ناکۆکی زۆر لەنێو لایەنەکاندا هەیە، کێشمەکێشیمی لایەنەکان بۆ ئەوەیە زۆرترین بەرژەوەندییەکانی خۆیان لەو یاسایەدا جێبکەنەوە، لەولاشەوە شەقامی ناڕەزایەتییەکانی خەڵک هێشتا جمەی دێت و داواکاری خۆیان هەیە. 
بەهۆی ناکۆکی نێوان فڕاکسیۆنەکانی پەرلەمانی عێراق پێناچێت ئەمڕۆ چوارشەممە لایەنەکان بگەنە رێککەوتن

لەوبارەیەوە، سەرۆکی بەرەی تورکمانی رایگەیاند، بەهۆی ناکۆکی نێوان فڕاکسیۆنەکانی پەرلەمانی عێراق پێناچێت ئەمڕۆ چوارشەممە لایەنەکان بگەنە رێککەوتن و یاساکە پەسەند بکرێت، دەشڵێت لایەنەکان بەسەر دو بەرەی جیاوازدا دابەش بون و بۆچونەکانیان لە یەکەوە نزیک نیە.
سەرەکیترین جیاوازی فڕاکسیۆنەکان لەسەر مادەی 15ی یاساکەیە کە تایبەتە بە دابەشکردنی پارێزگاکان بەسەر یەک بازنەدا یان دابەشکردنی بەسەر چەند بازنەیەکدا

ئەرشەد ساڵحی سەرۆکی بەرەی تورکمانی لە پەرلەمانی عێراق بە کەناڵی عێراقییەی راگەیاندوە، سەرەکیترین جیاوازی فڕاکسیۆنەکان لەسەر مادەی 15ی یاساکەیە کە تایبەتە بە دابەشکردنی پارێزگاکان بەسەر یەک بازنەدا یان دابەشکردنی بەسەر چەند بازنەیەکدا بە گوێرەی کورسییەکانی ئەو پارێزگایە، لەو بارەیەوە دو بۆچون خراوەتەڕو کە تێکەڵەیەکە لە داواکاری شەقام و لایەنە سیاسییەکان.
بۆچونی یەکەم ئەوەیە ئەو پارێزگایانەی کە ژمارەی کورسییەکانیان زۆرە وەکو بەغدا و موسڵ و بەسڕە بکرێنە یەک بازنەی هەڵبژاردن

ئاماژەی بەوەشکردوە، بۆچونی یەکەم ئەوەیە ئەو پارێزگایانەی کە ژمارەی کورسییەکانیان زۆرە وەکو بەغدا و موسڵ و بەسڕە بکرێنە یەک بازنەی هەڵبژاردن و پارێزگاکانی دیکەش بە گوێرەی کورسییەکانیان بکرێنە چەند بازنەیەکی هەڵبژاردن (بۆ نمونە شاری کەرکوک کە 12  کورسی لە پەرلەمانی عێرقدا هەیە، دابەشبکرێت بۆ 12 بازنەی هەڵبژاردن).

سەبارەت بە داواکارییە سەرەکییەکانی خۆپیشاندەرانیش ئەرشەد ساڵحی رونیکردوەتەوە، داواکاری خۆپێشاندەران لە یاساکەدا ئەوەیە کە عێراق بکرێتە فرەبازنەیی و جیاکردنەوەی دەنگەکانیان بە شێوەی دەستی بێت، ئەوەش لەلایەن بەشێک لە لایەنەسیاسییەکانەوە سەرنجی لەسەرە.

بە گوێرەی زانیارییەکانی خەندان هەردو کوتلەی سائیرون و حیکمە پشتیوانی لە داواکاری خۆپیشاندەران لە یاساکەدا دەکەن کە بریتیە لە گۆڕینی بازنەی هەڵبژاردنەکان بۆ فرە بازنەیی و نەمانی لیستی حزبی، بەڵام هاوپەیمانی فەتح و سونەکان و بەشێک لە فڕاکسیۆنە کوردستانییەکان لەگەڵ ئەو بوچونەدا نین و پێیانوایە بەو هەنگاوە پارتە گەورەکان زیان دەکەن.

ئەمڕۆ پەرلەمانی عێراق لە کۆبونەوەیەکدا تاوتوێی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کرد و لە کۆی 15ی مادەی یاساکە 14ی پەسەند کرد، بەڵام بڕگەی دابەشکردنی پارێزگاکانی عێراق  بەسەر یەک بازنەی هەڵبژاردن یان بژاردەی فرە بازنەیی یەکلانەکرایەوە.

بە گوێرەی پێشنیازی ژمارەیەک پەرلەمانتار، بۆ گەشتن بەرێککەوتنێک لە نێوان فڕاکسیۆنەکان و خۆپیشاندەراندا، داواکراوە لەسەدا %50-ی ئەندامانی پەرلەمان لە رێگەی تاکە کەسیەوە هەڵبژێردرێن و %50 شیان لە رێگەی لیستی حزبەکانەوە.


Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP