ئەنجومەنی وەزیران پڕۆژە یاسای چاکسازی بە کۆی دەنگ پەسەند کرد و دەینێرێتە پەرلەمان

- 12/11/2019 5:42:00 PM 7368 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

ئەمڕۆ چوارشەممە، ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بەسەرپەرشتی مەسرور بارزانی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران و ئامادەبونی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیران کۆبوەوە و  پڕۆژە یاسای چاکسازی بە کۆی دەنگ پەسەند کرد، بڕیاریشە پرۆژە یاساکە بنێرێتە پەرلەمان.

 

لە کۆبونەوەکەدا، گفتوگۆ دەربارەی رەشنووسی پڕۆژە یاسای چاکسازی لە خانەنشین و موچە و دەرماڵە و بەخشین و ئیمتیازاتەکانی دیکە لە هەرێمی کوردستان-عێراق ) کرا کە بەشێکە لە بەرنامەی گشتگیریی چاکسازیی لە چوارچێوەی کارنامەی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان. 

سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران ئاماژەی بەوەدا ، چاکسازی پرۆسەیەکی بەردەوامە و لە هەنگاوەکانی داهاتودا گشت کەرتەکان دەگرێتەوە. گوتیشی لە سەرەتای دەستبەکاربونی کابینەی نۆیەم، بەڵێنمان دابو ئەم پڕۆژە یاسایە بنێرین بۆ پەرلەمان.

ئەمەش پرۆژەی هەموو لایەنە بەشدارەکانی حکومەتە و لە پێناو بەرژەوەندی گشتی و دادپەرەوەرییە و بە دڵنیاییشەوە خەڵکی شایستە، مافەکانیان پارێزراو دەبێت. 

دوای گفتوگۆکردنێکی چڕ و بەرفراون لە سەر یەک بە یەکی بڕگەکانی پڕۆژە یاساکە و دوای جێگیرکردنی چەندین گۆڕانکاریی، ئەنجومەنی وەزیران بە کۆی دەنگ پڕۆژە یاساکەی پەسەند کرد و دەینێرێتە پەرلەمانی کوردستان.



Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP