پۆمپیۆ: فشارەکانمان لەسەر ئێران بەردەوامدەبێت

- 12/11/2019 5:07:00 PM 1520 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

کەمێک بەرلەئێستا مایک پۆمپیۆی وەزیری دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند فشارەکانیان لەسەر کۆماری ئیسلامی ئێران بەردەوامدەبن تا ئەو وڵاتە مامەڵەی خۆی دەگۆڕێت.
ئەو کەسایەتی و کۆمپایانیانە سزادەدەن کە مامەڵە لەگەڵ ئێراندا دەکەن

راشیگەیاند، تەواوی ئەو کەسایەتی و کۆمپایانیانە سزادەدەن کە مامەڵە لەگەڵ ئێراندا دەکەن، ئەوەش لەپێناوی دابینکردنی ئاسایشی بۆ جیهان.

سزای نوێمان بەسەر چەند کۆمپانیا و کەسایەتییەکی دیکەی ئێراندا سەپاند

وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لەکۆنگرەیەکی رۆژنامەنوسیدا ئاشکراشیکرد، سزای نوێمان بەسەر چەند کۆمپانیا و کەسایەتییەکی دیکەی ئێراندا سەپاند.

 

پۆمپیۆ جەختیشی کردەوە، ئامانج لەسزادانی ئێران خەڵکی ئەو وڵاتە نیە، بەڵکو بۆ ئەوەیە رژێمی دەسەڵاتداری ئەو وڵاتە بەشێوەیەکی سروشتی مامەڵە بکەن.

 

لەبارەی عێراقیشەوە، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند، چاودێری رەوشی عێراق و خۆپیشاندانەکان دەکەن و بەردەوام دەبن لەروبەروبونەوەی تیرۆر لەو وڵاتە. 

 

راشیگەیاند، رۆڵی ئەو وڵاتانە کەمدەکەنەوە کە دەیانەوێت هەژمونیان لەعێراقدا هەبێت.

 

لەبارەی ئامانجی خۆپیشاندانەکان و داواکاری هاوڵاتیانی عێراقی، پۆمپیۆ رایگەیاند، عێراقییەکان دەیانەوێت سەروەری وڵاتەکەیان پارێزراوبێت.

 

لەبارەی ئاڵۆزییەکانی لوبنانیشەوە، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند، دەبێت لوبنانییەکان خۆیان چارەنوسی خۆیان دیاریبکەن. 


نیشانەکردن :

#ئێران_ئەمریكا

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP