پەرلەمانی لیبیا: وڵاتەكەمان نابێتە دەروازەی دروستبونەوەی دەوڵەتی عوسمانی

- 12/11/2019 5:00:00 PM 2395 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

پەرلەمانی لیبیا ، وتەكانی سەرۆك كۆماری توركیای سەبارەت بە ناردنی هێزی سەربازیی بۆ تەرابلس رەتكردەوە، جەختیش لەسەر ئەوەدەكەنەوە وڵاتەكەیان نابێتە دەروزازەیەك بۆ نوێبونەوەی دەوڵەتی عوسمانی.

لیژنەی بەرگری و ئاسایشی نیشتیمانی لیبیا لە پەرلەمانی لیبیا ئەمڕۆ سێشممە لە راگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە  "لێدوانەكانی رەجەب تەییب ئەردۆگان، سەرۆك كۆماری توركیا سەبارە بە  ناردنی هێزە سەربازییەكانی وڵاتەكەی بۆ لیبیا رەتدەكەینەوە".

لیبیا نابێتە دەروازەیەك بۆ سەرلەنوێ دروستبونەوەی دەوڵەتی عوسمانی

ئەو لیژنەیە داوای لە كۆمكاری وڵاتانی عەرەبی كردوە، رێككەوتنی هاوبەشی بەرگری وڵاتانی عەرەبی بخرێتە بواری جێبەجێكردنەوە كە لیبیا-ش یەكێكە لەو هاوپەیمانیە، جەختیشیان لەسەر ئەوە كردوەتەوە "لیبیا نابێتە دەروازەیەك بۆ سەرلەنوێ دروستبونەوەی دەوڵەتی عوسمانی".

ئەو راگەیەندراوەی پەرلەمانی لیبیا پاش ئەوەدێت، دوشەممەی رابردو ئەردۆگان لەمیانی لێدوانێكدا رایگەیاند "ئەنقەرە ئامادەیە هێزی سەربازی بنێرێتە لیبیا ئەگەر حكومەتی شەرعیی لیبیا بە سەرۆكایەتی فائز سەرراج، ئەو داواكارییە پێشكەش بكات".

ئاماژەی بەوەشكرد "پاش ئەو رێككەوتنەی سەبارەت بە سنورە ئاوییەكانی رۆژهەڵاتی ناوەند لەگەڵ لیبیا ئەنجامماندا، ئامادەین گەر ئەو حكومەتە پێویستی بێت هێزەكانمان بنێرینە لیبیا".


نیشانەکردن :

#ليبيا #تورکیا

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP