وەزیری بەرگری تورکیا: دەستبەرداری سیستەمی دژەموشەکی S-400 ی روسی نابین

- 12/11/2019 4:59:00 PM 1758 جار خوێندراوەتەوە

خەندان -            

خلوسی ئاکار، وەزیری بەرگری تورکیا رەتیکردەوە وڵاتەکەیان بیەوێت واز لە سیستەمی دژەموشەکی S-400 ی روسی بهێنێت، وتیشی، لەئێستادا لێکۆڵینەوە دەربارەی دۆزینەوەی چارەسەر بۆ کێشەکانی وڵاتەکەیان ئەنجامدەدەن، بەجۆرێک ئەو سیستەمە بونی هەبێت لە ڵاتەکەیاندا.


خلوسی ئاکار، وەزیری بەرگری تورکیا لەمیانەی لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی هەواڵی ئەنادۆڵ رایگەیاند"هەمو ئەو دەنگۆیانەی باس لە وازهێنانی تورکیا دەکەن لە سیستەمی بەرگری ئاسمانی S-400ی روسی ناڕاستن، ئەنقەرە لە ئێستادا سەرقاڵی دۆزینەوەی رێگە چارەیەکە بۆ کێشەکانی لەگەڵ ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا، بەجۆرێک واز لە دامەزراندنی ئەو سیستەمەی روسیا نەهێنێت لەوڵاتەکەدا".
هێشتا قۆناغەکانی هاوردەکردنی سیستەمی دژەموشەکی S-400 لەروسیاوە بۆ تورکیا بەردەوامە

ئاماژەی بەوەشکرد"هێشتا قۆناغەکانی هاوردەکردنی سیستەمی دژەموشەکی S-400 لەروسیاوە بۆ تورکیا بەردەوامە، لەئێستادا هاودردوکردنی پارچەکانی دو پاتری ئەو سیستەمە تەواو بوە".

هاوکات رونیشکردەوە"هەوڵەکانی هەردو وڵات بەردەوامی هەیە بۆ دامەزراندن و تاقیکردنەوە و راهێنانی کادیرەکانمان، لەکۆتایی ئەم مانگەشدا ئەو کارانە هەموی تەواو دەکرێن".
لەئێستادا کارمەندانی تورکیا لە روسیا مەشقیان پێدەکرێت، لەبارەی چۆنیەتی کارپێکردنی ئەو سیستەمە

وەزیری بەرگری تورکیا وتیشی، لەئێستادا کارمەندانی تورکیا لە روسیا مەشقیان پێدەکرێت، لەبارەی چۆنیەتی کارپێکردنی ئەو سیستەمە و لەبەهاری ساڵی داهاتوشدا 2020 بەتەواوەتی دەخرێتەکار.

لەکۆتایی چاو پێکەوتنەکەدا سەبارەت بە ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا رایگەیاند"واشنتن بە هاوپەیمانێکی ستراتیژی تورکیایە، چاوەڕواندەکەین واشنتنیش بەرۆحی هاوپەیمانێتیەوە مامەڵە لەگەڵ وڵاتەکەماندا بکات".


ئەمە لەکاتێکدایە، نۆی ئەم مانگە کۆنگرێسی ئەمریکا رەزامەندی دەربڕی لەسەر بودجەی نوێی وەزارەتی بەرگری، کە تیایدا بەپێی رەشنوسی بودجە گواستنەوە یاخود فڕۆشتنی فڕۆکەی F-35 بە تورکیا قەدەغە کراوە.

مانگی تەمموزی ئەمساڵ تورکیا سیستەمی بەرگری موشەکی S-400ی روسی کڕی، لە رێککەوتنێکدا لەگەڵ مۆسکۆ، کە دژایەتیەکی زۆری لەلایەن واشنتنەوە لێکرا، بڕیاریشە سیستەمەکە لە مانگی نیسانی ساڵی داهاتو بەتەواوەتی لە تورکیا بکەوێتەکار.

واشنتن سیستەمی بەرگری S-400ی روسی بە هەڕەشە بۆ سەر فڕۆکەی جەنگی F35ی ئەمریکی دەبینێت، بۆ ئەم مەبەستەش تورکیای لە رێککەوتنی فڕۆشتنی سیستەمی پاتریۆتی ئەمریکی دورخستەوە و سزای شکاندنی رێککەوتننامەکەی بەسەر ئەنقەرەدا سەپاندوە.


Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP