خه‌ندان زانیاری نوێ له‌باره‌ی لابردنی باجی سه‌ر كارتی مۆبایل بڵاوده‌كاته‌وه‌

- 12/11/2019 3:52:00 PM 12530 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

ژماره‌یه‌ك له‌كۆمپانیاكانی بواری په‌یوه‌ندیكردن له‌به‌رامبه‌ر نه‌گه‌ڕاندنه‌وه‌ی ئه‌و بڕه‌ پاره‌ زیاده‌ی له‌فرۆشتنی كارتی مۆبایل وه‌ریده‌گرن ڕوبه‌ڕوی سزا ده‌بنه‌وه‌، ئه‌ندامێكی لیژنه‌ی دارایی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانیش رایدەگەیەنێت، "هه‌ندێك كۆمپانیا تاوانی گه‌وره‌یان ئه‌نجامداوه‌".
به‌شێك له‌كۆمپانیاكانی په‌یوه‌ندیكردن تاوانی گه‌وره‌یان ئه‌نجامداوه‌

 

هۆشیار عه‌بدوڵا، ئه‌ندامی لیژنه‌ی دارایی له‌ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق به‌ خه‌ندان-ی راگه‌یاند، "به‌شێك له‌كۆمپانیاكانی په‌یوه‌ندیكردن تاوانی گه‌وره‌یان ئه‌نجامداوه‌، به‌پێی یاسای بودجه‌، ئه‌و پاره‌یه‌ی پێشتر له‌ڕێگه‌ی باجه‌وه‌ بڕیاردرا لێیان وه‌ربگیرێت، له‌گڵ ئه‌وه‌ی له‌سه‌ر هاوڵاتیان زیادیان كردوه‌، به‌ڵام نه‌یانگه‌ڕاندوەته‌وه‌ بۆ حكومه‌ت".

ئاماژەی بەوەشکرد، پێویست بو کۆمپانیاکان ئه‌و پاره‌ زیاده‌ی له‌سه‌ر كارتی باڵانس وه‌ریانگرتوه‌ بیگه‌ڕێننه‌وه‌ بۆ حكومه‌تی عێراق، به‌ڵام ئاماده‌نه‌بون و یه‌كێك له‌كۆمپانیاكانیی په‌یوه‌ندیكردنیش كه‌ بنكه‌ی سه‌ره‌كی له‌هه‌ولێر ئاگاداركرایه‌وه‌، پاره‌كه‌ بداته‌ حكومه‌تی هه‌رێم، به‌ڵام تا ئێستا هیچ بڕه‌پاره‌یه‌كی له‌و پاره‌ زیاده‌ی وه‌ریده‌گرێت نه‌گه‌ڕاندوەته‌وه‌".
له‌بودجه‌ی 2020دا، كۆده‌نگیه‌ك هه‌یه‌ بۆ ئه‌وه‌ی سزای توندی سه‌ر كۆمپانیاكان زیاتر بكه‌ین

 

سه‌باره‌ت به‌سزادانی كۆمپانیاكانی په‌یوه‌ندی كردنیش، هۆشیار عه‌بدوڵڵا باسی لەوەشکرد، "له‌بودجه‌ی 2019 ژماره‌یه‌ك ماده‌ دیاریكراون بۆ سزاکانی كۆمپانیاكان، به‌ڵام له‌بودجه‌ی 2020دا، كۆده‌نگیه‌ك هه‌یه‌ بۆ ئه‌وه‌ی سزای توندی سه‌ر كۆمپانیاكان زیاتر بكه‌ین".
یه‌كێك له‌و خاڵانه‌ی كاری له‌سه‌ر ده‌كه‌ین له‌ڕێگه‌ی پرۆژه‌ی تایبه‌ته‌وه‌، ده‌بێت كارتی باڵانسی مۆبایل وه‌كو پێشتری لێبكرێته‌وه‌

 

سه‌باره‌ت به‌هه‌رزانكردنی نرخی كارتی پڕكردنه‌وه‌ی باڵانسی په‌یوه‌ندیكردن، هۆشیار عه‌بدوڵڵا وتی، "یه‌كێك له‌و خاڵانه‌ی كاری له‌سه‌ر ده‌كه‌ین له‌ڕێگه‌ی پرۆژه‌ی تایبه‌ته‌وه‌، ده‌بێت كارتی باڵانسی مۆبایل وه‌كو پێشتری لێبكرێته‌وه‌، پێنج هه‌زاری به‌پێنج هه‌زار دینار بفرۆشرێت و وه‌ك ئه‌ندامانی كوردی لیژنه‌ی دارایی كه‌ له‌بودجه‌ی ساڵی داهاتو یه‌كلای ده‌كه‌ینه‌وه‌".

له‌پرۆژه‌یاسای بودجه‌ی 2015ی ئه‌نجومنی نوێنه‌رانی عێراقدا بڕیاردرا كه‌ به‌ ڕێژه‌ی 20% باج بخرێته‌ سه‌ر كۆمپانیاكانی بواری په‌یوه‌ندیكردن، ئه‌وه‌ش وایكرد نرخی كارتی پڕكردنه‌وه‌ی باڵانس گران ببێت، كارتی 5 هه‌زار دینار به‌ 6 هه‌زار دینار و كارتی 10 هه‌زار دیناری به‌ 12 هه‌زار دینار بدرێته‌ هاوڵاتیان.


Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP