دو كه‌س به‌تۆمه‌تی دزینی 850 ملیۆن دۆلار له‌ به‌غدا ده‌ستگیركران

- 12/11/2019 2:10:00 PM 5438 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

وه‌زاره‌تی ناوخۆی عێراق ده‌ستگیركردنی دو كه‌سی ڕاگه‌یاند، كه‌ تۆمه‌تبارن به‌دزینی 850 ملیۆن دۆلار له‌كۆمپانیایه‌كی بازرگانی به‌غدا.

وه‌زاره‌تی ناوخۆی عێراق له‌به‌یاننامه‌یه‌كدا رایگەیاندوە، "هێزه‌ ئه‌منیه‌كان و به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی روبه‌ڕوبونه‌وه‌ی تاوان دو كه‌سیان ده‌ستگیركردوە، كه‌ تۆمه‌تبارن به‌دزینی 850 ملیۆن دۆلار له‌كۆمپانیایه‌كی بازرگانی له‌ناوه‌ڕاستی به‌غدا".

ئاماژەی بەوەشکردوە، له‌كاتی لێكۆڵینه‌وه‌دا تۆمه‌تباره‌كان دانیان به‌تاوانه‌كه‌یاندا ناوه‌ و په‌ڕاوی دۆسیەكه‌شیان ڕه‌وانه‌ی دادگای تایبه‌تمه‌ند کراوە، به‌گوێره‌ی ماددەی 446ی لە یاسای سزادانی عێراقی دۆسیەیان بۆ کراوەتەوە.

وه‌زاره‌تی ناوخۆی عێراق پێشنیوه‌ڕۆی ئەمڕۆ رایگەیاندبو، پۆلیسی نه‌ینه‌وا به‌هاوبه‌شی له‌گه‌ڵ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی نه‌هێشتنی تاوانه‌كانی ناوچه‌ی "ئوم ڕه‌بیعین" توانیویانە باندێكی دزیكردن كه‌ له‌چوار تۆمه‌تبارپێكهاتوه‌ ده‌ستگیربكه‌ن، كه‌ هه‌ستاون به‌دزینی حەوت كیلۆ زێڕ له‌دوكانێكی زێڕه‌نگه‌ری به‌شی ڕاستی موسڵ.

ئاماژەی بەوەشکردوە، لێكۆڵینه‌وه‌ و ڕێكاری یاسایی به‌رامبه‌ر به‌تۆمه‌تباران ده‌ستیپێكردوه‌و ڕه‌وانه‌ی دادگا كراون.


Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP