حكومه‌تی هه‌رێمی کوردستان قه‌رزه‌كانی له‌ وه‌به‌رهێنه‌ران وه‌رده‌گرێته‌وه‌

- 12/11/2019 11:01:00 AM 8366 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

حكومه‌تی هه‌رێمی کوردستان ده‌ست به‌ وه‌رگرتنه‌وه‌ی قه‌رزی دەکات کە لای وه‌به‌رهێنه‌ران و سه‌رمایه‌دارانە، په‌رله‌مانتارێكی كوردستانیش رایده‌گه‌یه‌نێت، میكانیزمی تایبه‌ت بۆ وه‌رگرتنه‌وه‌ی قه‌رزه‌كان دیاریده‌كرێت.
 سه‌رجه‌م ئه‌و وه‌به‌رهێنه‌ر و سه‌رمایه‌دارانه‌ی كه‌ قه‌رزاری حكومه‌تی کوردستانیان لایە ماوه‌یه‌كیان بۆ دیاریده‌كرێت

 

سه‌عید هه‌ركی، جێگری سه‌رۆكی لیژنه‌ی ده‌سپاكی له‌ په‌رله‌مانی كوردستان به‌ خه‌ندان-ی راگه‌یاند، سه‌رجه‌م ئه‌و وه‌به‌رهێنه‌ر و سه‌رمایه‌دارانه‌ی كه‌ قه‌رزاری حكومه‌تی کوردستانیان لایە ماوه‌یه‌كیان بۆ دیاریده‌كرێت كه‌ قه‌رزه‌كانیان بگه‌ڕێننه‌وه‌.

ئاماژەی بەوەشکرد، حكومه‌تی هه‌رێمی کوردستان میكانیزمی تایبه‌ت به‌وه‌رگرتنه‌وه‌ی قه‌رزه‌كان دیاریده‌كات، بۆ ئه‌وه‌ی هیچ وه‌به‌رهێنه‌رێك نه‌توانێت ئاماده‌ی دانه‌وه‌ی قه‌رزه‌كان نه‌بێت.
ئاگاداری وه‌به‌رهێنه‌ر و بازرگان و سه‌رجه‌م قه‌رزاره‌كان كراوه‌ته‌وه‌ كه‌ به‌ده‌م دانه‌وه‌ی قه‌رزه‌كانه‌وه‌ بچن

 

پەرلەمانتارەکەی کوردستان باسی لەوەشکرد، "ئاگاداری وه‌به‌رهێنه‌ر و بازرگان و سه‌رجه‌م قه‌رزاره‌كان كراوه‌ته‌وه‌ كه‌ به‌ده‌م دانه‌وه‌ی قه‌رزه‌كانه‌وه‌ بچن، له‌حاڵه‌تێكیشدا ئه‌گه‌ر قه‌رزه‌كان نه‌ده‌نه‌وه‌ حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ڕێوشوێنی یاساییان به‌رامبه‌ر ده‌گرێته‌به‌ر".

حكومه‌تی هه‌رێمى كوردستان، زیاتر له‌ 750 ملیار دیناری وه‌ك قه‌رز به‌ بازرگانان و وەبەرهێنەران داوه‌، پێشتر و لەمانگی شوباتی ئەمساڵدا وه‌زارەتى دارایی شەش مانگ مۆڵەتی دابوە بازرگانان تا قەرزەکانیان بگەڕێننەوە.

له‌ نوسراوێكى وه‌زاره‌تی دارایی و ئابورى حكومه‌تى هه‌رێم، كه‌ له‌ 17ی شوباتی ئەمساڵدا ده‌ریكردوه‌، كاتی گه‌ڕانه‌وه‌ی قه‌رزی بازرگانی دیاریكردوه‌، به‌پێی بڕیاره‌كه‌، كاتی گه‌ڕانه‌وه‌ی قه‌رزه‌كه‌ له‌ 20ی شوباتی 2019وه‌ ده‌ستیپێکردوە، دەبو له‌ماوه‌ی شه‌ش مانگدا قه‌رزه‌كان بگه‌ڕێندرێنه‌وه‌.


Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP