"بژاردەی جێگرەوەی فڕۆکەی F35ی ئەمریکیمان هەیە"
تورکیا: واشنتن سزامان به‌سه‌ردا بسپێنێت، مانەوەی سەربازانی ئەمریکی لە ئه‌نجه‌رلیك و کورجەلیک ده‌جوڵێنین

- 12/11/2019 10:51:00 AM 6420 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

مەولود چاوشئۆغلو، وەزیری دەرەوەی تورکیا رایگەیاند، وڵاتەکەی بژاردەی جێگرەوەی فڕۆکەی F35ی ئەمریکی هەیە، لەکاتێکدا کە واشنتن هەمو بژاردەکانی ئەنقەرە رەتدەکاتەوە.

بەپێی ئاژانسی رۆیتەرز، مەولود چاوشئۆغلۆ، وەزیری دەرەوەی تورکیا رایگەیاند، "تورکیا هەمیشە بژاردەی جێگرەوەی فڕۆکەی F35ی ئەمریکی هەیە، یەکێک لەو بژاردانەش روسیایە".
ئەگەر واشنتن سزا بەسەر وڵاتەکەیاندا بسەپینێت ئەوا ئەنقەرەش پێداچونەوە بە بونی هێزەکانی ئەمریکا دەکات لە وڵاتەکەیاندا

 

ئاماژەی بەوەشکرد، ئەگەر واشنتن سزا بەسەر وڵاتەکەیاندا بسەپینێت ئەوا ئەنقەرەش پێداچونەوە بە بونی هێزەکانی ئەمریکا دەکات لە وڵاتەکەیاندا.

لەبارەی سزاکانی کۆنگرێسی ئەمریکا بەسەر تورکیا، بەهۆی کڕینی سیستەمی بەرگری ئاسمانی S-400ی روسی، چاوشئۆغلۆ وتی، "ئەگەر ئەمریکا هەنگاوی نەرێنی لەدژی تورکیا ئەنجامبدات، ئەنقەرە وەڵامدەداتەوە، دەبێت کۆنگرێس لەوە تێبگات سزاکانی ئەمریکا بۆ تورکیا بێ ئەنجامدەبێت".
ئه‌گه‌ر ئه‌مریكا سزا به‌سه‌ر توركیادا بسپێنێت پرسی مانەوەی سەربازانی ئەمریکا لە بنكه‌ی سه‌ربازی ئه‌نجه‌رلیك و کورجەلیک ده‌جوڵێنین

 

مه‌ولود چاوشئۆغڵو  باسی لەوەشکرد، "ئه‌گه‌ر ئه‌مریكا سزا به‌سه‌ر توركیادا بسپێنێت پرسی مانەوەی سەربازانی ئەمریکا لە بنكه‌ی سه‌ربازی ئه‌نجه‌رلیك و کورجەلیک ده‌جوڵێنین".
 
ئەوەشی خستەڕو، "سه‌ره‌ڕای ئه‌و دۆخه‌ی دروستبوه‌، هاوكاریه‌كانی ئه‌مریكا بۆ یه‌په‌گه‌ به‌رده‌وامن، له‌هه‌ر ناوچه‌یه‌كی سوریاش كه‌ هێزه‌كانی توركیای لێ بێت هێزه‌كانی ئه‌مریكای لێ نییه‌".
ئه‌مریكا هه‌مو پێشنیازه‌كانمان ره‌تده‌كاته‌وه‌

 

سه‌باره‌ت به‌پێشنیازه‌كانی توركیاش بۆ چاره‌سه‌ری كێشه‌كانیان له‌گه‌ڵ ئه‌مریكا، چاوشئۆغڵو رایگه‌یاند، "ئه‌مریكا هه‌مو پێشنیازه‌كانمان ره‌تده‌كاته‌وه‌".

ئەمە لەکاتێکدایە، نۆی ئەم مانگە کۆنگرێسی ئەمریکا رەزامەندی دەربڕی لەسەر بودجەی نوێی وەزارەتی بەرگری وڵاتەکە، کە تیایدا بەپێی رەشنوسی بودجەکە گواستنەوە یاخود فڕۆشتنی فڕۆکەی F-35 بە تورکیا قەدەغە کراوە.

مانگی تەمموزی ئەمساڵ تورکیا سیستەمی بەرگری موشەکی S-400ی روسی کڕی، لە رێککەوتنێکدا لەگەڵ مۆسکۆ، کە دژایەتیەکی زۆری لەلایەن واشنتنەوە لێکرا، بڕیاریشە سیستەمەکە لە مانگی نیسانی ساڵی داهاتو بەتەواوەتی لە تورکیا بکەوێتەکار.

واشنتن سیستەمی بەرگری S-400ی روسی بە هەڕەشە بۆ سەر فڕۆکەی جەنگی F35ی ئەمریکی دەبینێت، بۆ ئەم مەبەستەش تورکیای لە رێککەوتنی فڕۆشتنی سیستەمی پاتریۆتی ئەمریکی دورخستەوە و سزای شکاندنی رێککەوتننامەکەی بەسەر ئەنقەرەدا سەپاندوە.

نیشانەکردن :

#تورکیا #ئه‌مه‌ریكا

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP