"پاش تۆمەتباركردنی لەلایەن گەورەترین رۆژنامەی فینلەنداوە"
رەغد سەددام حسێن: عوبەیدی نوێنەری خیزانەكەمان ناكات و نوێنەریشمان نیە

- 12/9/2019 10:56:00 PM 3720 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

كچی سەرۆكی پێشوی رژێمی بەعس، رایگەیاند "سەعد عوبەیدی نێوەندگیری ئێمە نیە و نوێنەری خیزانەكەشمان نیە".

رەغد سەددام، كچی سەددام حسێن، سەرۆكی پێشوی رژێمی بەعس لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی تویتەر هاوپیچ لەگەڵ وێنەیەكی سەعد ئەلعوبەیدی، كە هاوسەری كچی خوشكێكی سەددام-ە و ساڵی 2003 لە عێراق چوەتە دەرەوە نوسیویەتی "ئەم پیاوە نێوەندگیری ئێمە نیە و نوێنەری خیزانەكەشمان ناكات".

ئەوەش پاش بڵاوكراوەیەكی رۆژنامەی هیلنسكی دێت، كە گەورەترین رۆژنامەی ئەو وڵاتەیە و لە لێكۆلینەوەیەكی بنكۆڵكاریدا هەینی رابردود رایگەیاندبو "بازرگانێكی فینلەندی هەوڵیداوە لەرێگەی ئەفسەرێكی پێشوی عێراقیەوە ئەو پەنابەرانەی عێراق بگێڕێتەوە بۆ وڵاتی خۆیان كە بەزۆر ناچاركراون وڵات جێبهێڵن".

پاش بەداوداچونی راپۆرتەكەش، دەركەوتوە كە ئەو كەسایەتیانەی كاریان بۆ پرۆژەكەی عوبەیدی و ئەو بازرگانە فینلەندیە كردوە لە گەندەڵی تێوەگلاون و دواتر باڵیۆزی عێراق لەو وڵاتە توانیویەتی رێگری لەو كارە بكات، ئەوەش  بوەتە هۆی دەنگۆیەكی زۆر لە فینلەندا.

ساڵی 2003 سەعد عوبەیدی زاوای سەددام حسێن لەگەل خێزانەكەی و حەوت منداڵیدا بەرەو ئوردن و پاشان ئەڵمانیا چونە دەرەوەی وڵات و لەوێ نیشتەجێبون، لە ئێستاشدا عوبەیدی لەنێوان هەریەك لە وڵاتانی ئەڵمانیا و فینلەندا هاتوچۆدەكات.
 


Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP