پۆتین گەیشتە پاریس بۆ بەشداری لە کۆبونەوەی لوتکەی چوارقۆڵی نۆرماندی

- 12/9/2019 6:31:00 PM 2500 جار خوێندراوەتەوە

خەندان -      

سەرۆکی روسیا گەیشتە پاریسی پایتەختی فڕەنسا، بۆ کوبونەوە لەگەڵ بەرپرسانی ئۆکرانیا و فڕەنسا و ئەڵمانیا بەمەبەستی گفتوگۆکردن دەربارەی کێشەکانی ئۆکرانیا. 

ئێوارەی ئەمڕۆ ڤلادیمێر پۆتین، سەرۆک کۆماری روسیا گەیشتە پاریسی پایتەختی فڕەنسا، بۆ کۆبونەوە لەگەڵ بەرپرسانی ئۆکرانیا و فڕەنسا و ئەڵمانیا لەچوارچێوەی کۆبونەوی چوارقۆڵی نۆرماندی بۆ تاوتوێکردنی قەیرانەکانی باشوری رۆژهەڵاتی ئۆکرانیا.

وا چاوەڕوان دەکرێت پێش ئەنجامدانی کۆبونەوە چوارقۆڵیەکە پۆتین بەجیا لەگەڵ هەریەک لە ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فڕەنسا و ئەنگێلا مێرکڵ، راوێژکاری ئەڵمانیا بەجیا کۆببێتەوە، هەروەها لەپاش کۆتایهاتنی کۆبونەوە چوارقۆڵیەکەی نۆرماندی، کۆبونەوەی دو قۆڵی لەگەڵ ڤلادیمێر زیلینسکی، سەرۆکی ئۆکرانیا ئەنجامبدات.

بڕیارە کۆبونەوەی هەرچوار وڵاتەکە بۆ ماوەی دو کاتژمێر و 45 خولەک بەردەوامی هەبێت و بە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانی هاوبەش کۆتایی پێبهێنرێت.


بڕیاریشە پۆتین و زیلینسکی، گفتوگۆ دەربارەی قەیرانەکانی باشوری ئۆکرانیا و رێککەوتننامەی مینسەک بکەن، بەڵام دیارنییە کێشەکانی گازی سروشتی ئۆکرانیا گفتوگۆی لەبارەوە دەکرێن یاخود نا.


Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP