دەستەی دەستپاکی لەمانگی رابردودا فەرمانی گرتنی بۆ 226 بەرپرسی عێراقی دەركردوە

- 12/9/2019 5:27:00 PM 1142 جار خوێندراوەتەوە

خەندان -           

ئەمڕۆ دوشەممە، دەستەی دەستپاکی عێراق کۆی ئەو فەرمانانەی خستەڕو، کە لەمانگی رابردودا بۆ دەستگیرکردنی چەندین بەرپرسی حکومی عێراق دەریکرن، کە هەندێکیان لەپلەی وەزیر و پەرلەمانتار و پارێزگاردابون و ژمارەیان  226 تۆمەتباربوە.

بەڕێوەبەرایەتی لێکۆڵینەوەکانی دەستەی دەستپاکی عێراق لە نوێترین راگەیەنراودا کۆی گشتی ئەو فەرمانی دەستگیرکردنانەی خستەڕو، کە لەمانگی رابردودا بۆ ژمارەیەکی زۆر لە وەزیر و پەرلەمانتار و پارێزگارانی ئێستا و پێشوتری عێراقی دەرکرد، بەتۆمەتی گەندەڵی و بەفیڕۆدانی سامانی گشتی وڵات.

لەو راگەیەنراوەدا دەستەی دەستپاکی ئاماژەی بە دەرکردنی فەرمانی دەستگیرکرنی نۆ وەزیر کرد، کە پێنجیان وەزیری پێشو بون و دوانیشیان وەزیری پێشوتربون لە حکومەتی عێراق.

هەر بەپێی راگەیەنراوەکە لەمانگی پێشوتردا فەرمانی دەستگیرکردن بۆ 12 پەرلەمانتار دەکراوە، کە 10کەسیان ئەندام پەرلەمانی ئێستای عێراقن، هاوکات وەکیل وەزیرێک و سێ وەکیل وەزیری پێشو و دو وەکیل وەزیری پێشوتر فەرمانی دەستگیرکردنیان بۆ دەرکراوە.

ئاماژەی بەوەشکرد" فەرمانی دەستگیرکردن بۆ پارێزگارێکی ئێستا و 11 پارێزگاری پێشو و 118 ئەندامی ئەنجومەنی ئێستای پارێزگاکان و 26 ئەندامی پێشو و 11ئەندامی پێشوتری ئەنجومەنی پارێزگاکان دەركردوە.

لەنێوان فەرمانەکانی دەستگیرکردنی دەستەی دەستپاکی، 32 بەڕێوەبەری گشتی تێدابوە کە 19بەڕێوەبەریان لەوەزارەتەکانی نەوت و کارەبا و تەندروستی و پیشەسازی و پەروەردە کاریانکردوە، هەروەها 11 بەڕێوەبەریان لە وەزارەتی خوێندنی باڵا و شارەوانی و گواستنەوەی بون.


Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP