خەندان زانیاری لەسەر پەیکەری نوێی سەرکردایەتی یەکێتی و ژمارەی ئەندامانی کۆنگرە بڵاودەکاتەوە

- 12/9/2019 4:25:00 PM 45369 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

یەکێتی نیشتیمانی کوردستان لە هەنگاوەکان بۆ بەستنی کۆنگرەی چوارەم بەردەوامە و ئەمڕۆش وەک قۆناغی کۆتایی کۆنفرانسی مەڵبەندەکان بەڕێوەچو، بڕیاروایە ئەو حزبە لە 21ی ئەم مانگەدا لەگەڵ بەستنی "کۆنگرەی نوێبونەوە" پەیکەرێکی نوێ بۆ قۆناغی داهاتوی خۆی دابڕێژێت.

بەپێی زانیاریەکانی خەندان، یەکێتی نیشتیمانی کوردستان لە کۆنگرەی چوارەمدا قەوارەیەک بۆ پەیکەری بەڕێوەبردنی خۆی زیاد دەکات بەناوی قەوارەی دیاریکردنی بەرژوەندیەکانی یەکێتی واش پێشبینی دەکرێت کۆسرەت رەسوڵ سەرکردایەتی بکات، هاوکات بەشێک لە سەرکردە دیرین و کەسایەتیە دیارەکانی حزبەکە ئەندام دەبن تیایدا.
 
زانیاریەکانی خەندان ئاماژە بەوەدەکەن، قەوارەکە سەرپەرشتی چۆنێتی جێبەجێکردنی بەرنامە و پەیڕەوی ناوخۆی یەكێتی دەكات و رێگریی دەكات لە هەر پێشێلكارییەكی دەستوری یەكێتی و لێپرسینەوە لە هەر كەمتەرخەمییەك دەكات كە لە جێبەجێكردنی بەرنامەی حزبەكەی بێتە ئاراوە. 

یەکێتی سەرۆکێک هەڵدەبژێرێت و  چوار یاریدەدەریشی دەبێت

خەندان زانیویەتی، یەکێتی نیشتیمانی کوردستان لە کۆنگرەی چوارەمدا لەبری سکرتێری گشتی سەرۆکێک هەڵدەبژێرێت، هاوکات ئەو سەرۆکە لە نێوان چوار تا شەش یاریدەدەری دەبێت، یاریدەدەرەکان هەریەکەیان لە دۆسیەکانی پێشمەرگە، ئاسایش و زانیاری، رێکخستن و پەیوەندیەکان و دارایی و حوکمڕانی بەرپرس دەبن.

ئەنجومەنی سەرکردایەتی دەڤەرەکان هەڵدەبژێردرێن

یەکێتی نیشتیمانی کوردستان چەند سەرکردایەتییەک لە دەڤەرەکان هەڵدەبژێرێت کە ناوەندی پارێزگار و شارە گەورەکان دەبێت، وەک سەرکردایەتی سلێمانی و راپەڕین، هەولێر، بادینان و موسڵ، هەڵەبجە و گەرمیان و هەروەها سەرکردایەتی کەرکوک.

بەرپرسی سەرکردایەتییەکان لە دەڤەرەکاندا دەبنە ئەندامی ئەنجومەنی سەرۆکایەتی، کە لە سەرۆک و چوار یاریدەدەر و بەرپرسی سەرکردایەتییەکان پێکدێن، کە شوێنی مەکتەبی سیاسی یەکێتی دەگرێتەوە. بەلام هەرچی ئەندامانی  ئەنجومەنی سەرکردایەتی یەکێتی دەبێت لە دەڤەرەکان لەسەر بنەمای جوگرافی و پێگەی جەماوەری کاندیدەکان دیاریدەکرێن.

هەر بەپێی زانیاریەکانی خەندان، سەرکردایەتی داهاتوی یەکێتی لە 120 ئەندام پێکدێت، کە تێکەڵەیەک دەبێت لە سەرکردایەتی و ئەنجومەنی ناوەندی ئێستا، ئەو سەرکردایەتیە رۆڵی هەردو ئەنجومەنی سەرکردایەتی و ئەنجومەنی ناوەندی ئێستا دەبینێت.

1000 کەس دەبنە ئەندامی کۆنگرەی چوارەمی یەکێتی

462 ئەندامی کۆنگرە لەرێگەی هەڵبژاردنی مەڵبەندەکانەوە هەڵدەبژێردرێن، هەروەها 111 ئەندامی ئەنجومەنی ناوەند، 50 ئەندامی ئەنجومەنی سەرکردایەتی و سەرجەم ئەندامانی سەرکردایەتی و سەرکردە دێرینەکانی حزبەکە،  سەرجەم زانکۆکان کە لەمیلاکی یەکێتی پۆستیان وەرگرتوە دەبنە ئەندامی کۆنگرە.

ئەوە جگە لەوەی سەرجەم پەرلەمانتارانی یەکێتی لە هەرێمی کوردستان کە ژمارەیان 21 ئەندام و 18 پەرلەمانتار عێراق و سەرجەم وەزیرەکانی یەکێتی لە هەرێمی کوردستان و عێراق دەبنە ئەندامی کۆنگرە.

هاوکات بەپێی پەیڕەوی ناوخۆی یەکێتی، سکرتێری گشتی یەکێتی دەسەڵاتی هەیە 120 کەس بکاتە ئەندامی کۆنگرە، بەڵام لە ئێستادا دەسەڵاتی دیاریکردنی 100 نوێنەر دراوە بەبڕیاری مەکتەبی سیاسی سەرکردایەتیی یەکێتی داروە بە فەرماندەی گشتی هێزی پێشمەرگەی کوردستان و مەڵبەندی پێشمەرگە، هاوکات 20 ئەندامەکەی دیکە لەلایەن هەریەکە لە جێگرانی یەکەم و دوەمی سکرتێری گشتییەوە دیاریدەکرێن.

یەكێتی نیشتمانیی كوردستان لە ساڵی 1975 دامەزراوە، تا ئێستا سێ كۆنگرە و دو كۆنفرانس و پێنج پلینیۆمی بەستوە، دوایین كۆنگرەی یەكێتی لە 1/6/2010 بو، دەبوایە لە مانگی ئاداری 2013 چوارەمین كۆنگرەی خۆی ببەستێ‌، بەڵام لەبری كۆنگرە لە 10/10/2013 پلینیۆمی بەست و دواتر بڕیار بو لە 7/3/2018 كۆنگرە ببەستێ‌، بەڵام بەهۆی كێشە ناوخۆییەكانی یەكێتی كۆنگرەكە نەكرا.


Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP