بەپەلە

دژی کەمبونەوەی کارەبای نیشتیمانی لە پێنجوێن خۆپیشاندان ئەنجامدرا
خۆپیشاندەران: بە داهاتی خاڵە سنورییەکان دەتوانرێت کارەبای بەردەوام دابین بکرێت

- 12/9/2019 11:10:00 AM 4716 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

بەشێک لە هاوڵاتیانی پێنجوێن دژی کەمبونەوەی کاتژمێرەکانی کارەبای نیشتیمانی لە شارەکەیاندا گردبونەوە، داوایان لە حکومەتی هەرێم کرد چارەسەری کێشەی کەمبونەوەی کارەبای نیشتیمانی بکات و سوتەمەنی پێویست بۆ شارەکەیان دابین بکات.

بەرەبەیانی ئەمڕۆ بەشێک لە هاوڵاتیان پێنجوێن لە شەقامە سەرەکییەکانی شارەکەدا گردبوەنەوە و رێگایان لە ئۆتۆمبێلە بارهەڵگرەکان گرت کە لە خاڵە سنورییەکان بەرە ناو هەرێم بڕۆن، داواکاری سەرەکی خۆپیشاندەران وەکو خۆیان باسی دەکەن باشترکردنی دۆخی کارەبای شارەکەیانە کە تەنها پێویستی بە 25 مێگاواتە، دەشڵێن، "ئەگەر دەسەڵاتداران مەبەستیان باشتر کردنی کارەبا بێت تەنها بە داهاتی بەشێکی زۆر کەمی خاڵە سنورییەکان دەتوانن کارەبای بەردەوام بۆ پێنجوێن دابین بکەن".

دوێنێش سالار حسامەدین، بەڕێوەبەری کارەبای سلێمانی رایگەیاند، ئەگەر خواستی هاوڵاتیان لەسەر کارەبا بەو شێوازەی ئیستا زیاد بکات و پێدانی کارەبا بۆ حەوت کاتژمێر کەمبێتەوە، "ناتوانین هیچ کارەبا بەهاوڵاتیان بدەین بەڵکو ئەوەی هەیە تەنها دەدرێت بە گرتوخانە و نەخۆشخانە و شوێنە پێویستەکان".

ئاماژەی بەوەشکرد، لە ئێستادا خواستی هاوڵاتیان بۆ کارەبای نیشتیمانی شەش هەزار میگاواتە، بەڵام رێژەی بەرهەمهێنان سێ هەزار میگاواتە بەو هۆکارەش پێدانی کارەبای نیشتیمانی بۆ هەشت کاتژمێر لە رۆژێکدا کەمبوەتەوە.

21ی مانگی رابردوش حوسین حەمەد قادر، بەڕێوەبەری گشتی كارەبای هەولێر بە خەندان-ی راگەیاند، هۆکاری کەمبونەوەی کاتژمێرەکانی کارەبای نیشتیمانی دەگەڕێتەوە بۆ بەرزبونەوەیەکی زۆری خواستی هاوڵاتیان لەسەر کارەبای نیشتیمانی و دورستبونی گرفتی تەکنیکی لە چەند وێستگەیەکی بەرهەمهێنانی کارەبادا.

ئەوە لە کاتێکدایە ساڵانە لەگەڵ سەرەتای وەرزی سەرمادا کاتژمێرەکانی پێدانی کارەبا بەشێوەیەکی بەرچاو کەمدەبنەوە، حکومەتیش داوا لە هاوڵاتیان دەکات دەستبەکارەبای نیشتیمانییەوە بگرن و بەکارهێنانی هۆکارەکانی گەرمکردنەوە بە کارەبا کەمتر بکەنەوە.


Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP