بەپەلە

"لاوازی دەزگاکانی چاودێری بوەتە هۆی زیاتربونی گەندەڵی"
لە رۆژی جیهانی بەرەنگاربونەوەی گەندەڵیدا هەڵمەتێکی 9 رۆژە راگەیەنرا

- 12/9/2019 10:41:00 AM 1551 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

ئەمڕۆ لە لایەن نەتەوەیەکگرتوەکانەوە وەکو رۆژی جیهانی بەرەنگاربونەوەی گەندەڵی دیاریکراوە، لە هەرێمی کوردستانیش دەستەی دەستاکی هەڵمەتێکی نۆ رۆژەی بۆ بەرەنگاربونەوەی گەندەڵی راگەیاند، سەرۆکی دەستەکەش دەڵێت، "لاوازی دەزگاکانی چاودێری بوەتەهۆی زیاتربونی گەندەڵی".
ئێمە لە چوارچێوەی عێراقداین کە ساڵانە لە راپۆرتی رێکخراوی شەفافیەتی نێودەوڵەتی لە ریزی شەش تاوەکو هەشتەم گەندەڵترین وڵاتی جیهاندایە

 

ئەحمەد ئەنوەر، سەرۆکی دەستەی دەستپاکی هەرێمی کوردستان لە کۆنفرانسی رۆژی جیهانی بەرەنگاربونەوەی گەندەڵیدا کە لە شاری هەولێر رێکخراوە رایگەیاند، "ئێمە لە چوارچێوەی عێراقداین کە ساڵانە لە راپۆرتی رێکخراوی شەفافیەتی نێودەوڵەتی لە ریزی شەش تاوەکو هەشتەم گەندەڵترین وڵاتی جیهاندایە، بەفیڕۆچونی سەدان ملیار دۆلار عێراقی کردوەتە یەکێک لە دواکەوتوترین وڵاتانی جیهان لە روی خزمەتگوازرییەکان و بەرزبونەوەی رێژەی هەژاری".

پەیوەست بە هەرێمی کوردستانیش ئەحمەد ئەنوەر باسی لەوەکرد، "سەڕەرای ئەوەی کوردستان وەکو بەشێک لە عێراق جیاوازی زۆری هەیە لە روی دابینکردنی پڕۆژە خزمەتگوزارییەکان و باشتربونی داهاتی تاک، بەڵام دەبێت بزانین بونی گەندەڵی مەترسییە لەسەر هەمو ئەو دەستکەوتانە و متمانەی نێوان هاوڵاتیان و دەسەڵات بنکۆڵ دەکات".
ساڵی 2017  پرۆژەی ستراتیژیەتی نیشتیمانمان بۆ روبەڕبونەوەی گەندەڵی  بە بەشداری داواکاری گشتی و چاودێری دارایی ئامادەکرد، حکومەتیش بڕیابو ساڵی 2018  بیخاتە بواری جیبەجێکردنەوە

 

سەرۆکی دەستەی دەستپاکی هەرێمی کوردستان ئەوەی خستەڕو، "ساڵی 2017  پرۆژەی ستراتیژیەتی نیشتیمانمان بۆ روبەڕبونەوەی گەندەڵی  بە بەشداری داواکاری گشتی و چاودێری دارایی ئامادەکرد، حکومەتیش بڕیابو ساڵی 2018  بیخاتە بواری جیبەجێکردنەوە، هیوادارین حکومەتی نوێ ئەم پرۆژەیە بکاتە یەکێک لە کارە سەرەکییەکانی کە دەبێتە بناغەی کۆمەڵگایەکی پێشکەوتو و متمانەی خەڵکی بە دەسەڵاتدارانی بەهێزتر دەکات".
دەبوایە حکومەت جیاوازتر لە ساڵانی رابردودا هەنگاوی بهاویژتایە و هەنگاوە کردارییەکانی لە بواری چاکسازی و روبەروبونەوەی گەندەڵیدا زیاتر بوایە

 

پەیوەست بە روبەڕبونەوەی گەندەڵیش شیرین ئەمین، ئەندامی فراکسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی کوردستان بە خەندان-ی راگەیاند، "دەبوایە حکومەت جیاوازتر لە ساڵانی رابردودا هەنگاوی بهاویژتایە و هەنگاوە کردارییەکانی لە بواری چاکسازی و روبەروبونەوەی گەندەڵیدا زیاتر بوایە، من وەکو سەرۆکی لیژنەی دەستپاکی دەڵێم لە کاتێکدا حکومەت باسی روبەڕوبونەوەی گەندەڵی دەکات تا ئێستا نەمانبینیوە هیچ بەرپرسێک لەسەر گەندەڵی درابێتە دادگا، بە بەڵگەوە لامە کە هەندێک مەلەف بە مەبەست چاوپۆشی لێکراوە و هەوڵی ونکردنی دراوە".
ئەگەر حکومەت بەڕاستی خزمەتکاری گەل بێت پێویستە روبەڕوبونەوەی گەندەڵی بە کردار دەستپێبکات

 

ئاماژەی بەوەشکرد، "ئەگەر حکومەت بەڕاستی خزمەتکاری گەل بێت پێویستە روبەڕوبونەوەی گەندەڵی بە کردار دەستپێبکات".

رۆژی 31ی تشرینی یەکەمی ساڵی 2003 نەتەوەیەكگرتوەكان رۆژی 9ی كانونی یەكەمی هەمو ساڵێكی وەك رۆژی بەرەنگاربونەوەی گەندەڵی راگەیاندوە، ئەوەش لەپێناو هۆشیاری گشتی دژی روبەڕوبونەوەی گەندەڵی و بە فەرمیش لە ساڵی 2005ەوە یادکردنەوەی ئەو رۆژە بە فەرمی چوەتە بواری جێبەجێكردنەوە.


Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP