سعودیە بڕیاری جیاکردنەوەی شوێنی نانخواردنی پیاو و ژنانی لە چێشتخانەکاندا هەڵوەشاندەوە

- 12/9/2019 10:09:00 AM 2604 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

دەسەڵاتدارانی سعودیە رایانگەیاند، بڕیاری دابینکردنی شوێنی تایبەت بە نانخواردنی پیاوان و ژنانیان لە چێشتخانەکانی وڵاتەکەیاندا هەڵوەشاندوەتەوە، ئەوەش لە چوارچێوەی کەمکردنەوەی ئەو رێکارە کۆمەڵایەتییە باوانەیە کە ریاز لەمساڵدا هەنگاوی بۆناوە.
حکومەتی ریاز بڕیاری جیاکردنەوەی شوێنی نانخواردنی پیاوان لەلایەک و ژنان و منداڵان لەلایەکی دیکەوە لە خواردنگەکانی وڵاتەکەدا هەڵوەشاندوەتەوە

 

وەزارەتی شارەوانی سعودیە لە راگەیەنداوێکدا رایگەیاند، حکومەتی ریاز بڕیاری جیاکردنەوەی شوێنی نانخواردنی پیاوان لەلایەک و ژنان و منداڵان لەلایەکی دیکەوە لە خواردنگەکانی وڵاتەکەدا هەڵوەشاندوەتەوە، ئەوەش دوای ساڵانێک لە جێبەجێکردنی ئەو بڕیارە لەسەر فتوای دەستەی فەرمان بە چاکە و رێگری لە خراپە.

ساڵانێکە لە سعودیە لە قوتابخانە، نەخۆشخانە، خواردنگە، قاوەخانەکان، هۆڵی کۆنگرە و کۆنفرانسەکاندا و لەسەر فتوای دەستەی فەرمان بە چاکە و رێگری لە خراپە شوێنی دانیشتنی هەرد رەگەز لە یەکتری جیاکراوەتەوە، بەڵام دوای هاتنە سەر کاری محەمەد بن سەلمان، شازادەی جێنشینی سعودیە دەستی کردوە بە گۆڕانکارییەکی فراوان لە بڕیار و رێکار و یاسا باوە کۆمەڵایەتییەکانی وڵاتەکەیدا، هەمو ئەو کەسانەشی نەیاری بڕیارەکانی دەکەن لە زانایانی ئاینی و کەسانی باڵادەستی سعودیە، روبەڕوی زیندانیکردن دەبنەوە.
وەزارەتی شارەوانی سعودیە رونینەکردوەتەوە، بڕیارەکە قوتابخانە، نەخۆشخانە و قاوەخانەکان لە ئایندەیەکی نزیکدا دەگرێتەوە یاخود نا


وەزارەتی شارەوانی سعودیە رونینەکردوەتەوە، بڕیارەکە قوتابخانە، نەخۆشخانە و قاوەخانەکان لە ئایندەیەکی نزیکدا دەگرێتەوە یاخود نا، بەڵام گۆڕانکارییەکان لەو وڵاتەدا کە لەلایەن محەمەد بن سەلمانەوە دەستیپێکردوە، وەکو خۆیان باسی دەکەن بەردەوام دەبێت و لە دوا بڕیاریشدا بڕیارێکی خێزانی هەڵوەشاندەوە، کە بۆ هەر بڕیارێکی "چارەنوسساز" پێویستە ژنان بگەڕێنەوە بۆ خاوەنەکانیان باوک، برا یان هاوسەرەکەی.

لە ساڵی 2016 شدا لە چوارچێوەی پڕۆژەی روانگەی سعودیە 2030، محەمەد بن سەلمان دامەزراندنی دەستەی ئاهەنگ و چالاکییەکانی راگەیاند، ئەوەش لە چوارچێوەی کرانەوە و گۆڕانکارییەکی فراوان لەسەر ئاستی سعودیەدا.


Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP