بەپەلە

روسیا: ناکۆکییەکانی نێوان مۆسکۆ و ناتۆ ساڵ لەدوای ساڵ زیاتر دەبن

- 12/9/2019 9:32:00 AM 1200 جار خوێندراوەتەوە

خەندان -  

وەزیری بەرگری روسیا رایگەیاند، پەیوەنیەکانی نێوان وڵاتەکەی و هاوپەیمانی باکوری ئەتڵەسی (ناتۆ) تێکچوە، هەمو هاوکاریەکانی نێوان هەردو لایەنەکە وەستێنراون و ناکۆکییەکانی نێوانیان ساڵ لەدوای ساڵ  بەرەو ئاڵۆزتر دەڕوات.

سێرگی شویگۆ، وەزیری بەرگری روسیا لەمیانی چاوپێکەوتنێکی تەلەفزیۆنیدا بۆ بەرنامەی "مۆسكۆ، كرملین، بۆتین" رایگەیاند، هەمو هاوکارییەکانی نێوان روسیا و هاوپەیمانی باکوری ئەتڵەسی نەک تەنها هەر وەستاون، بەڵکو ئاڵۆزیەکانی نێوان هەردو لایەن ساڵ لەدوای ساڵ  بەرەو ئاڵۆزتر دەڕوات".
هاوپەیمانان لایەنگری ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا دەکەن، لە زۆربەی رێککەوتننامە و بەڵێنەکانیان کشانەوە

 

لەوەڵامی پرسیارێکدا لەبارەی هۆکاری داڕمانی پەیوەنیەکانی نێوان روسیا و ناتۆ وەزیری بەرگری روسیا وتی، "پێش پێنج ساڵ  هاوکارییەکی چالاکمان هەبو لە بڕۆکسڵ، نوێنەری روسیاش لەناتۆدا بونی هەبو، بەڵام لەئێستادا هاوپەیمانان لایەنگری ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا دەکەن، لە زۆربەی رێککەوتننامە و بەڵێنەکانیان کشانەوە، بواری ئاسایش لەنێوانماندا زۆر کەمتربوەتەوە".

رۆژانی 3 و4ی ئەم مانگە، وڵاتانی ئەندام لە هاوپەیمانی ناتۆ کۆبونەوەی لوتکەی خۆی لە لەندەنی پایتەختی بریتانیا ئەنجامداو لەبارەی کێشەکانی نێوانیانەوە گفتوگۆیان کرد.
بڕیارمانداوە بودجەی بەرگری هاوپەیمانێتییەکە زیادبکەن و هێزی هاوبەشی ئاسمانی دروستبکەن بۆ  روبەڕوبونەوەی هەمو مەترسییەکان

 

ینس ستۆتڵنتبێرگ، سکرتێری گشتی رێکخراوی ناتۆ کە سەرپەرشتی بەڕێوەچونی کۆبونەوەکەی دەکرد دوای کۆبونەوەکە رایگەیاند، بڕیاریانداوە بودجەی بەرگری هاوپەیمانێتییەکە زیادبکەن و هێزی هاوبەشی ئاسمانی دروستبکەن بۆ  روبەڕوبونەوەی هەمو مەترسییەکان.
کارە دوژمنکارەکانی روسیا و تیرۆریزم مەترسیدارن، پێویستە روسیا جموجوڵە سەربازییەکانی لەسەر سنورەکانی ناتۆ کۆتایی پێبهێنێت

 

لەبارەی جموجوڵەکانی روسیاشەوە، ستۆڵتنبێرگ باسی لەوەکردوە، "کارە دوژمنکارەکانی روسیا و تیرۆریزم مەترسیدارن، پێویستە روسیا جموجوڵە سەربازییەکانی لەسەر سنورەکانی ناتۆ کۆتایی پێبهێنێت".

لەوەڵامدا پێنجی ئەم مانگە سێرگری لاڤرۆڤ، وەزیری دەرەوەی روسیا رایگەیاند، هاوپەیمانێتی باکوری ئەتڵەسی (ناتۆ) هەوڵدەدات دەسەڵاتی خۆی بەسەر جیهاندا بەگشتی و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەتایبەتی بسەپێنێت، بۆ ئەم مەبەستەش بودجەیەکی گەورەی بۆ بەهێزکردنی هێزە سەربازیەکانیان دابینکردوە.


Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP