حەشدی شەعبی رونکردنەوەیەک لەبارەی بڵاوبونەوەی هێزەکانی بەناو خۆپیشاندەراندا بڵاودەکاتەوە

- 12/9/2019 8:56:00 AM 3190 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

دەستەی راگەیاندنی حەشدی شەعبی رایگەیاند، ئێوارەی دوێنێ یەکشەممە ماڵپەڕی فەرمی حەشدی هاککراوە و راگەیەنراوێکی بەناوی ئەوان بڵاوکردوەتەوە، کە باس لە بڵابونەوەیان دەکات بەناو خۆپیشاندەراندا، بنەمای ئەو هەواڵەش دورە لە راستیەوە.

دەستەی راگەیاندنی حەشدی شەعبی لە راگەیەندراوێکدا رایگەیاند، ئێوارەی دوێنێ ماڵپەڕی فەرمی حەشدی هاککراوە، دوای ماوەیەکی کەمیش چارەسەری کێشەکە کراوە، ئەو راگەیەندراوەش کە لە کاتی هاککردنەکەدا لە بارەی دواین روداوەکانی گۆڕەپانی سنک و خەلانی بڵاوکراوەتەوە "دورە لە راستیەوە".

دوێنێ یەکشەممە بەیاننامەیەك بەناوی حەشدی شەعبی لەسەر توندوتیژیەكانی ناوچەی سنك و خەلانی بڵاوکرایەوە وتیایدا هاتوە، "هێزەكانیان بەهۆی نەبونی هێزە ئەمنیەكانی دەوڵەتەوە چونەتە ناو هەردو گۆڕەپانی سنک و خەلانی و پارێزگاری لە خۆپیشاندەران دەکەن، كاتێك بینیویانە دەستڕێژی گولە لە خۆپیشاندەران دەكرێت هێزەكانیان بەرپەرچیان داوەتەوە، ئەوەش بوەتەهۆی پێكدادانی دولایەنە لە نێوان هێزەكانی حەشدی شەعبی و ئەو گروپە تێكدەرانە، لەو كاتەدا ئەو گروپە ویستویانە خۆپیشاندەرە دەستبەسەركراوەكان لەناو ریستۆرانتە توركییەكەی بشارنەوە و ئاگریان تێبەرداوە."

ئەوەش خراوەتەڕو، "داوا دەكەین رۆڵەكانی گەلی عێراق بەردەوام بن لە خۆپیشاندانی ئاشتیانە و ئەوە مافی هەمو رۆڵەیەكی گەلە و پەیوەیست نییە بە تاقم و گروپێك، هاوكات داواش دەكەین لە پێویستی سەپاندنی ئەزمونی هێزە ئەمنیەكان لە ناوچەكانی خۆپیشاندەران بۆ گێڕانەوەی دۆخەكە بۆ سروشتی خۆی و پاراستنی عێراقییەكان هەروەك مەرجەعیەت داوایكردوە."


Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP