بەپەلە

ته‌ندروستی هه‌رێم له‌باره‌ی بڵاوبونه‌وه‌ی ئه‌نلفۆنزای باڵنده‌ دڵنیایی ده‌داته‌ هاوڵاتیان

- 12/8/2019 9:44:00 PM 3106 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی حكومه‌تی هه‌رێم له‌باره‌ی بڵاوبونه‌وه‌ی ئه‌نفلۆنزای باڵنده‌ دڵنیایی ده‌دات و وته‌بێژی ئه‌و وه‌زاره‌ته‌ش ڕه‌تیده‌كاته‌وه‌، هیچ حاڵه‌تێك له‌پارێزگاكانی هه‌رێمی كوردستان تۆماركرابێت.

محه‌مه‌د قادر، وته‌بێژی وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی حكومه‌تی هه‌رێم، به‌خه‌ندان-ی ڕاگه‌یاند: ڕێنمایی پێویستمان داوه‌ته‌ سه‌رجه‌م بنكه‌و مه‌ڵبه‌نده‌ ته‌ندروستیه‌كان و سه‌رجه‌م كه‌لوپه‌ل و ده‌رمانه‌ پێویسته‌كانیشمان بۆ ڕه‌وانه‌كردون، به‌مه‌به‌ستی پشكنینی هاوڵاتیان و ڕێگریكردن له‌بڵاوبونه‌وه‌ی ئه‌نفلۆنزای باڵنده‌ كه‌ له‌م وه‌رزه‌دا ئه‌گه‌ری بڵاوبونه‌وه‌ی هه‌یه‌.

وتیشی:" تا ئێستا له‌هه‌رێمی كوردستان هیچ حاڵه‌تێكی ئه‌و نه‌خۆشیه‌ تۆمارنه‌كراوه‌و هۆشیاری و ڕێنمایی پیویستیشمان له‌ڕێگه‌ی بنكه‌ ته‌ندروستیه‌كانه‌وه‌ بۆ هاوڵاتیان بڵاوكردۆته‌وه‌ كه‌ خۆیان له‌توشبون به‌و نه‌خۆشیه‌ بپارێزن و هه‌ركاتێكیش هه‌ستیان به‌یه‌كێك له‌نیشانه‌كانی كرد، سه‌ردانی نزیكترین بنكه‌ی ته‌ندروستی بكه‌ن به‌مه‌به‌ستی وه‌رگرتنی چاره‌سه‌ری پێویست".

محه‌مه‌د قادر ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا كه‌ یه‌كێك له‌نیشانه‌كانی ئه‌نلفۆنزای باڵنده‌ هه‌ڵامه‌ت و سه‌رئێشه‌و قوڕگ ئێشه‌یه‌، پێویسته‌ هاوڵاتیان پاكوخاوێنی خۆیان ڕابگرن بۆئه‌وه‌ی دوربن له‌توشبون به‌ئه‌نفلۆنزای باڵنده‌. 

له‌لایه‌كی تریشه‌وه‌، سه‌رچاوه‌یه‌ك له‌به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی گشتی ته‌ندروستی نه‌ینه‌وا ئاشكرایكردوه‌، "له‌پارێزگای نه‌ینه‌وا پێنج كه‌س به‌گومانی توشبون به‌نه‌خۆشی ئه‌نفلۆنزای باڵنده‌ ڕه‌وانه‌ی نه‌خۆشخانه‌كراون، كه‌ باری ته‌ندروستی كه‌سێكیان له‌مه‌ترسیدایه‌".

له‌ساڵانی ڕابردودا نه‌خۆشیه‌كانی ئه‌نفلۆنزای باڵنده‌و به‌راز له‌به‌شێكی ناوچه‌كانی هه‌رێمی كوردستان و پارێزگاكانی ناوه‌ڕاست و خواروی عێراق بڵاوبونه‌وه‌.


Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP