بەپەلە

ناتانیاهۆ ئێران به‌هێرشی سه‌ر خۆپیشانده‌رانی عێراق تۆمه‌تبارده‌كات

- 12/8/2019 9:16:00 PM 569 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

بنیامین ناتانیاهۆ سه‌رۆك وه‌زیرانی ئیسرائیل ڕایگه‌یاند، چه‌كداری میلیشیا شیعه‌كانی عێراق به‌پاڵپشتی و پشتیوانی ئێران هێرشیانكردۆته‌ سه‌ر خۆپیشانده‌رانی به‌غدا.

بنیامین ناتانیاهۆ له‌توتێكدا لەهه‌ژماری تایبه‌تی خۆی له‌تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تی تویتەر كه‌ به‌زمانی فارسی  پۆسته‌كه‌ی كردوه‌ نوسیویه‌تی،"ده‌مه‌وێت بڵێم ئه‌نجامده‌ری هێرشه‌كانی سه‌ر خۆپیشانده‌ران كه‌ ژماره‌یه‌كی زۆر شه‌هیدی لێكه‌وتۆته‌وه‌ میلیشیا شیعه‌كانی عێراقن به‌سه‌رپه‌رشتی ڕاسته‌وخۆی سوپای پاسدارانی ئێران".

تۆمه‌تباركردنی ئێران له‌پشت هێرشه‌كانی سه‌ر خۆپیشانده‌ران له‌لایه‌ن سه‌رۆك وه‌زیرانی ئیسرائیل له‌كاتێكدایه‌ كه‌ قه‌یس خه‌زعه‌لی، ئه‌مینداری گشتی بزوتنه‌وه‌ی عه‌سائیبی ئه‌هلی حه‌ق ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه‌ رایگه‌یاندبو، "خوێنی عێراقییه‌كان له‌ ئه‌ستۆی ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتوه‌كان و ئیسرائیلدایه‌، كاتێكیش دێت ئه‌و دو وڵاته‌ به‌ چوار هێنده‌ باجی ئه‌و كارانه‌یان به‌ سه‌ختی ده‌ده‌ن".

شه‌وی هه‌یینی ڕابردو له‌لایه‌ن ژماره‌یه‌ك چه‌كداری نه‌ناسراوه‌و له‌ڕێگه‌ی چه‌ك و چه‌قۆوه‌ هێرشكرایه‌ سه‌ر خۆپیشانده‌رانی ناوچه‌ی سنك له‌گۆڕه‌پانی خه‌لانی و به‌وهۆیه‌وه‌ 19 خۆپیشانده‌ر كوژران و ژماره‌یه‌كی زۆریش برینداربون.


Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP