بەپەلە

له‌هه‌رێمه‌وه‌ ڕونكردنه‌وه‌ له‌سه‌ر گه‌یشتنی پاره‌كه‌ی به‌غدا ده‌درێت

- 12/8/2019 8:31:00 PM 3225 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی به‌شێك له‌میدیا عێراقیه‌كان بڵاویانكرده‌وه‌ كه‌ ئه‌مڕۆ به‌شێك له‌پاره‌ی موچه‌خۆران ڕه‌وانه‌ی هه‌رێمی كوردستان كراوه‌، به‌ڕێوه‌به‌ری لقی هه‌ولێری بانكی ناوه‌ندی ڕه‌تیده‌كاته‌وه‌، هیچ بڕه‌ پاره‌یه‌كیان بۆ موچه‌ی فه‌رمانبه‌ران به‌ده‌ست گه‌یشتبێت.

حاجی عابد به‌ڕێوه‌به‌ری لقی هه‌ولێری بانكی ناوه‌ندی، له‌لێدوانێكدا بۆ خه‌ندان ڕه‌تیكرده‌وه‌، پاره‌كه‌ی به‌غدا گه‌یشتبێت و ڕایگه‌یاند: هیچ بڕه‌ پاره‌یه‌ك له‌به‌غداوه‌ نه‌گه‌یشتۆته‌ هه‌رێمی كوردستان بۆ موچه‌ی فه‌رمانبه‌ران.

حاجی عابد ڕونكردنه‌وه‌ی زیاتریداو وتی:" له‌گه‌ڵ ده‌ستپێكردنی دابه‌شكردنی موچه‌ی داموده‌زگاكانی عێراق، موچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێمیش ڕه‌وانه‌ ده‌كرێت، له‌نێوان 16-17ی مانگ موچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێم ده‌نێردرێت.

ئه‌وه‌ش له‌كاتێكدایه‌، به‌شێك له‌میدیاكانی عێراق بڵاویانكرده‌وه‌، ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه‌ له‌گه‌ڵ ناردنی پاره‌كه‌ی به‌غدا، ڕاسته‌وخۆ له‌هه‌رێم ده‌ست به‌دابه‌شكردنی موچه‌كراوه‌.

وه‌زاره‌تی دارایی و ئابوری هه‌رێمی كوردستان بۆ دابه‌شكردنی موچه‌ پشتبه‌ دو سه‌رچاوه‌ی دارایی ده‌به‌ستێت، یه‌كه‌میان، فرۆشتنی نه‌وتی هه‌رێمی كوردستانه‌ به‌شێوه‌ی سه‌ربه‌خۆ، دوه‌میان ناردنی پشكی هه‌رێمی كوردستانه‌ له‌ به‌غداوه‌ كه‌ مانگانه‌ 522 ملیار دیناره‌.


Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP