لە کۆنفرانسی مەڵبەندەکانی یەکێتی 500 ئەندامی کۆنگرە دیاریدەکرێن

- 12/8/2019 3:57:00 PM 1286 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

ئەندامێکی لیژنەی باڵای هەڵبژاردنەکانی کۆنگرەی چوارەمی یەکێتی رایگەیاند، ئەوان هەمو ئامادەکارییەکیان بۆ كۆنفرانسی سه‌رجه‌م مه‌ڵبه‌نده‌كانی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان له‌سه‌رتاسه‌ری عێراقدا تەواو کردوە و سبەینێ پرۆسەکە بەڕێوەدەچێت.

رێبوار ستار، ئەندامی لیژنەی باڵای هەڵبژاردنەکانی کۆنگرەی چوارەمی یەکێتی سەبارەت بە دوا ئامادەکارییەکانی ئەو حزبە بۆ هەڵبژاردنە ناوخۆییەکانی بە خەندان-ی راگەیاند، سبەی کاتژمێر 8:00ی بەیانی هەڵبژاردنی ئەندامانی کۆنگرە لە کۆنفرانسی مەڵبەندەکانی یەکێتی لە هەمو شارەکاندا بەڕێوەدەچێت، ئەندامانی کۆنفرانیش پێکهاتون لە ئەندام مەڵبەندەکان، کارگێر، جێگری مەڵبەند لەگەڵ ئەندامانی هەڵبژێردراوی کۆمیتەکان.
هەمو ئامادەکارییەکمان بۆ ئەو هەڵبژاردنەش کردوەو هیچ کێشەیەکیان لە بەردەمدا نەماوە

 

ئاماژەی بەوەشکرد، ئەوان هەمو ئامادەکارییەکیان بۆ ئەو هەڵبژاردنەش کردوەو هیچ کێشەیەکیان لە بەردەمدا نەماوە.

پێنجی ئەم مانگە، ئەنجومەنی سه‌ركردایه‌تی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان کۆبوەوە و بڕیاریدا رۆژی بەستنی کۆنگرە لە 7-12-2019 بۆ 21-12-2019 دوابخات، هاوکات سبەی دوشەممەشی دیاریکرد بۆ بەڕێوەچونی كۆنفرانسی مه‌ڵبه‌نده‌كانی یەکێتی لەسەرتاسەری عێراقدا.
بۆ هەڵبژاردنەکەی سبەینێ چوار هەزار و 800  کەس وەکو ئەندامی کۆنفرانسی مەڵبەندەکان دەچنە سەر سندقی دەنگدان

 

رێبوار ستار باسی لەوەشکرد، "بۆ هەڵبژاردنەکەی سبەینێ چوار هەزار و 800  کەس وەکو ئەندامی کۆنفرانسی مەڵبەندەکان دەچنە سەر سندقی دەنگدان و لەو رێژەیەش هەزار و 700  هەڤاڵ بۆ ئەندامی کۆنگرەی چوارەمی یەکێتی خۆیان کاندید کردوە".

سەبارەت بە ئەندامانی کۆنگرەش کە بڕیارە سبەینێ لە کۆنفرانسی مەڵبەندەکاندا یەکلابکرێنەوە، ئەو ئەندامەی لیژنەی باڵای هەڵبژاردنەکانی کۆنگرەی چوارەمی یەکێتی رونیکردەوە، "ژمارەی ئەندامانی کۆنگرە و کۆنفرانسی مەڵبەندەکانی یەکێتی بە گوێرەی رێژەی ئەو دەنگانە دیاریکراوە کە یەکێتی نیشتیمانی کوردستان لە هەڵبژاردنەکانی ساڵی 2014 و 2018دا بە دەستیهێناون، بە تێکڕا لە هەڵبژاردنی کۆنفرانسی مەڵبەندەکاندا کە بڕیارە سبەینێ بەڕێوەبچێت 500 ئەندامی کۆنگرە هەڵدەبژێردرێن".

ئەمڕۆش زوبێر عوسمان، سه‌رپه‌رشتیاری كۆنفرانسی مه‌ڵبه‌ندی 1ی سلێمانی رایگەیاند،  لە مه‌ڵبه‌ندی سلێمانی له‌ كۆی 363 كاندید 73 كاندید كه‌ ده‌نگی پێویست به‌ده‌ستده‌هێنن به‌شداری كۆنگره‌ی چواری یه‌كێتیی نیشتمانی كوردستان ده‌كه‌ن و 969 ده‌نگده‌ریش ده‌نگده‌ده‌ن.

یەكێتی نیشتیمانی كوردستان كە 1-6-1975 دا لە دیمەشق دامەزراوە، تا ئێستا تەنها سێ كۆنگرەی بەستو، 21ی ئەم مانگەش بە بەستنی "کۆنگرەی نوێبونەوە" وەک سەرکردەکانی حزبەکە باسی دەکەن کۆنگرەی چوارەم دەبەستن.


Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP