وه‌زیری كشتوكاڵ سكاڵا له‌سه‌ر كۆمپانیایه‌ك تۆمار دەکات

- 12/8/2019 3:51:00 PM 1234 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

وه‌زیری كشتوكاڵ و سه‌رچاوه‌كانی ئاوی حكومه‌تی هه‌رێم سكاڵای له‌سه‌ر كۆمپانیایه‌ك تۆماركرد، ئەوەش بەهۆی ئەوەی کۆمپانیاکە نوسراوێكی وه‌زاره‌ته‌كه‌ی بۆ هاورده‌كردنی دوگ "ساخته‌كردوه‌".

بێگەرد تاڵەبانی، وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی حكومه‌تی هه‌رێمی کوردستان له‌نوسراوێكی فه‌رمیدا كه‌ ئاڕاسته‌ی دادوه‌ری دادگای لێكۆڵینه‌وه‌ی هه‌ولێری كردوه‌ وێنه‌یه‌كی بۆ خه‌ندان نێردراوه‌ رایگه‌یاندوه‌، "به‌مه‌به‌ستی وه‌رگرتنی ڕێكاری یاسایی بۆ جوڵاندنی سكاڵا دژی كۆمپانیای ئه‌نسكۆ بۆ بازرگانی گشتی كه‌ هه‌ڵساوه‌ به‌ساخته‌ ته‌زویركردنی نوسراوی وه‌زاره‌ته‌مان".

ئاماژەی بەوەشکردوە، ئه‌و نوسراوه‌ بەمەبەستی هاوردەکردنی دووگ-ی بەستو "ساختەکرابوە".

پێشتریش له‌لێدوانێكی تایبه‌تدا بۆ خه‌ندان، بێگه‌رد تاڵه‌بانی ڕایگه‌یاندبو، نوسراوێكی ساخته‌یان به‌ناوی وه‌زاره‌ته‌كه‌یه‌وه‌ بڵاوكردوەته‌وه‌، بۆئه‌و مه‌به‌سته‌ش ڕێكاری یاسایی ده‌گرنه‌به‌ر.

وته‌بێژی وه‌زاره‌تی كشتوكاڵ و سه‌رچاوه‌كانی ئاوی حكومه‌تی هه‌رێم له‌ڕونكردنه‌وه‌یه‌كدا كه‌ وێنه‌یه‌كی بۆ خه‌ندان نێردراوه‌ ڕایگه‌یاند، "خۆشبه‌ختانه‌ ستافی گومرگی باشماخ وریایانه‌ دركیان به‌ ساخته‌یی نوسراوه‌كه‌ كردوه‌، له‌ئێستاشدا ڕێكاری یاسایی گیراوه‌ته‌به‌ر، له‌ ئێستادا له‌ پێناو به‌ڕێوه‌چونی به‌دواداچونه‌ یاساییه‌كان ته‌نیا هێنده‌ زانیاری ده‌خه‌ینه‌ به‌رده‌ست و له‌ داهاتودا ورده‌كاریی زیاتر ده‌خه‌ینه‌ ڕو".

موختاری حاجی عومه‌ر، وته‌بێژی ده‌روازه‌ی نێوده‌وڵه‌تی باشماخ به‌ خه‌ندان-ی راگەیاندوە، ئه‌و نوسراوه‌ ساخته‌یه‌ی وه‌زاره‌تی كشتوكاڵ كه‌ ڕێگه‌پێدانه‌ به‌هاورده‌كردنی به‌بڕێكی ئێجگار زۆر "دوگ" به‌هیچ جۆرێك نه‌هاتوەته‌ مه‌رزه‌كه‌ی ئەوان، "هیچ كه‌سێكیش له‌سه‌ر ئه‌و بابه‌ته‌ ده‌ستگیرنەکراوە".


Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP