بەپەلە

سۆران عومەر: گەڕاوینەتەوە ساڵی 1991، سەردەمی ئاودیوی شۆفڵ، مس و فافۆن

- 12/8/2019 9:12:00 AM 7858 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

ئەندامێکی پەرلەمانی کوردستان پەیامێک ئاڕاستەی سەرۆک و جێگری سەرۆکی حکومەتی ھەرێمی کوردستان دەکات و هۆشیداریان دەداتێ لەوەی، "هەرێمی کوردستان گەڕاوەتەوە ساڵی 1991، سەردەمی ئاودیوی شۆفڵ، مس و فافۆن".

سۆران عومەر، ئەندامێکی پەرلەمانی کوردستان لەپەیامێکدا بۆ سەرۆک و جێگری سەرۆکی حکومەتی ھەرێمی کوردستان نوسیویەتی، "دڵنیام لە من باشتر دەزانن چی لە مەرزەکان دەگوزەرێ، دەزانن ئێستش گەڕاوینەتەوە ساڵی 1991 سەردەمی ئاودیوی شۆفڵ و مس و فافۆن".
ئێستا بە بازگەکان دەڵێن چاوداخەن تاکو قافڵە بارە ھێلکەو دوگە قاچاخەکە تێدەپەڕێ، کە تێدەپەڕێ دەڵێن چاوتان بکەنەوە

 

ئاماژەی بەوەشکردوە، "بەڕێوەبەری گشتی گومرگ و دەروازە سنوریەکانمان بانگێشتی پەرلەمان کردوە، دەڵێن ئێستا بە بازگەکان دەڵێن چاوداخەن تاکو قافڵە بارە ھێلکەو دوگە قاچاخەکە تێدەپەڕێ، کە تێدەپەڕێ دەڵێن چاوتان بکەنەوە".
ئێوە باش دەزانن ئەوەی ئەم قاچاخی و تاڵانی و سەرانە وەرگرتن و ھێنانی ھێلکەو دوگە دەکات ھێزی چەکداری ھەیەو دەسەڵاتدارە، باشیش دەزانن براو ئامۆزای کێن

 

سۆران عومەر باسی لەوەشکردوە، "ئێوە باش دەزانن ئەوەی ئەم قاچاخی و تاڵانی و سەرانە وەرگرتن و ھێنانی ھێلکەو دوگە دەکات ھێزی چەکداری ھەیەو دەسەڵاتدارە، باشیش دەزانن براو ئامۆزای کێن، دەزانن ھەمو شەو و رۆژێک لە مەرزی نێودەوڵەتی باشماخ و پەروێز خانەوە 40 ئۆتۆمبێل بارھەڵگر ھێلکەو دوگ داخڵ دەکرێ بۆ ناوخۆ و خواروی عێراق".
بۆ ھەر بارھەڵگرێکی ھێلکە 11 ھەزار دۆلارو بۆ ھەر بارھەڵگرێکی دووگ 30 ھەزار دۆلار وەردەگرن

 

ئەو پەرلەمانتارە رونیکردوەتەوە، "بۆ ھەر بارھەڵگرێکی ھێلکە 11 ھەزار دۆلارو بۆ ھەر بارھەڵگرێکی دووگ 30 ھەزار دۆلار وەردەگرن، واتش شەوانە نزیک بە 500 ھەزار دۆلار واتش 50 دەفتەر دۆلار وەردەگرن بۆ داخڵ کردنی ھێلکەو دوگ".

ئەوەشی خستوەتەڕو، تەنھا لەمانگی هەشتی ئەمساڵ 1213 بەرھەڵگری ھێلکەیان داخڵ کردوە کە 13 ملیۆن دۆلاریان وەرگرتوە، تەنھا لە 1-12-2019 ەوە تا ئەمڕۆ 283 بارھەڵگر ھێلکەیان داخڵ کردوە، ئەم فەزیحەو جەردەییە لە مەرزەکانی دیکەش وەک ئیبراھیم خەلیل و حاجی ئۆمەران بونی ھەیە بەناو و شێوازی جۆراوجۆر".


Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP