بەپەلە

فراكسیۆنی پارتی: به‌ پڕۆژه‌ی چاكسازی، گه‌وره‌ترین شه‌ڕی گه‌نده‌ڵی ده‌كه‌ین

- 12/8/2019 8:47:00 AM 5708 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

وته‌بێژی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی کوردستان رایگەیاند، پشتیوانی ته‌واوی پڕۆژه‌ی چاكسازی ده‌كه‌ن، کە له‌ حكومه‌ت ورده‌كارییه‌كانی ته‌واو بوه، دەشڵێت، ئه‌و به‌ڵێنه‌ی له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كاندا به‌ خه‌ڵكیاندا، جێبه‌جێی ده‌كه‌ن و له‌ ڕێگه‌ی پڕۆژه‌ی چاكسازییەوە ڕوبه‌ڕوی گه‌نده‌ڵی ده‌بنه‌وه‌.

پێشه‌وا هه‌ورامانی، وته‌بێژی فراکسیۆنی پارتی له‌ په‌رله‌مانی كوردستان بە ماڵپەڕی فەرمی حزبەکەی راگەیاندوە، "ورده‌كارییه‌كانی پڕۆژه‌ی چاكسازی له‌ حكومه‌ت به‌كۆتا گەیشتوه‌، به‌مزوانه‌ ده‌گاته‌ په‌رله‌مان و فراکسیۆنی پارتی ئاماده‌ییه‌كی ته‌واوی كردوه‌، بۆ پێشوازی له‌ پڕۆژه‌ی چاكسازی له‌ فراکسیۆنه‌كانی تری ناو په‌رله‌مانیش تا ئێستا هیچ فراکسیۆنێك نه‌یوتوه‌ پشتیوانی پڕۆژه‌كه‌ ناكه‌ن".
پڕۆژه‌ی چاكسازی خاڵی سه‌ره‌كی حكومه‌تی هه‌رێم و فراکسیۆنی پارتییه‌ له‌ ماوه‌یه‌كی زۆر نزیكدا بگاته‌ په‌رله‌مان و كاری جددیی له‌سه‌ر بكرێت

 

ئاماژەی بەوەشکرد، "پڕۆژه‌ی چاكسازی خاڵی سه‌ره‌كی حكومه‌تی هه‌رێم و فراکسیۆنی پارتییه‌ له‌ ماوه‌یه‌كی زۆر نزیكدا بگاته‌ په‌رله‌مان و كاری جددیی له‌سه‌ر بكرێت"، پارتی له‌ كاتی بانگه‌شه‌ی هه‌ڵبژاردندا دروشمی ڕوبه‌ڕوبونه‌وه‌ی گه‌نده‌ڵیی هه‌ڵگرتبو، بۆیه‌ ئێستا ئه‌و دروشمانه‌ به‌كردار جێبه‌جێ ده‌كه‌ن.

لە خولی پێشوی پەرلەمانی کوردستاندا بەهۆی ململانێی لایەنە سیاسیەکانەوە نەتوانرا پڕۆژەیاسای چاکسازی تێبپەڕێندرێت، بەڵام لە خولەکەدا پەرلەمان و حکومەتی هەرێمی کوردستان هاوڕان کە پڕۆژەکە تێبپەڕێندرێت، بڕیارە لە ئایندەیەکی نزیکدا پڕۆژەکە رەوانەی پەرلەمان بکرێت.
له‌ ڕێگه‌ی پڕۆژه‌ی چاكسازییەوە ڕوبه‌ڕوی گه‌نده‌ڵی ده‌بینه‌وه و‌ به‌ یاسا ڕوبه‌ڕوی به‌هه‌ده‌ردانی پاره‌ و سامانی وڵات ده‌بینه‌وه

 

وته‌بێژی فراکسیۆنی پارتی باسی لەوشەکرد، له‌ ڕێگه‌ی پڕۆژه‌ی چاكسازییەوە ڕوبه‌ڕوی گه‌نده‌ڵی ده‌بنه‌وه و‌ به‌ یاسا ڕوبه‌ڕوی به‌هه‌ده‌ردانی پاره‌ و سامانی وڵات ده‌بنه‌وه، "بەو شێوەیە گەورەترین شەڕی گەندەڵی دەکەین، ڕوبه‌ڕوبونەوەی گه‌نده‌ڵی خواستی هه‌مومانه‌".

بەپێی پڕۆژەیاسای چاکسازی، لیستی موچەی موچەخۆران پاکتاودەکرێت و دەرماڵەکان لەگەڵ حکومەتی عێراق هاوتا دەکرێت و هەروەها پلە تایبەتەکان بە 15 ساڵ خزمەت و 50 ساڵ تەمەن خانەنشین دەکرێن و ئەنجومەنی راژە دادەمەزرێت.


Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP