بەپەلە

گۆڕان: پشتیوانی پڕۆژەی چاکسازی لە حكومەت دەكەین

- 12/7/2019 11:49:00 PM 2319 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

ئەمڕۆ دوشەممە، رێکخەری گشتی بزوتنەوەی گۆڕان و ئەندامانی خانەی راپەڕاندن لەگەڵ تیمی گۆڕان لە حکومەت كۆبونەوە و تیایدا  پشتیوانیی خۆیان بۆ پڕۆژەی چاکسازی دەربڕی.

بەگوێرەی راگەیەندراوێك، ئەمڕۆ شەممە (7/12/2019) رێکخەری گشتی بزوتنەوەی گۆڕان و ئەندامانی خانەی راپەڕاندن لەگەڵ تیمی گۆڕان لە حکومەت، جێگری سەرۆکی هەرێم و سەرۆکی فراکسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی کوردستان و ژوری حکومەت و پەرلەمانی بزوتنەوەکە کۆبونەوە.

لە راگەیەندراوەكەدا هاتوە،"لە کۆبونەوەکەدا هەڵسەنگاندن بۆ کارەکانى تیمى حکومەت و فراکسیۆنى گۆڕان لە پەرلەمانى کوردستان کراوە، هاوکات کۆبونەوەکە بۆ ئاڕاستەکردنیان بوە بۆ خزمەتی خەڵک و جێبەجێکردنى بەرنامەى چاکسازى. هاوکات رێکخەری گشتی و خانەی راپەراندنى بزوتنەوەى گۆڕان پشتیوانی خۆیان بۆ پڕۆژەی چاکسازی گشتگیر و هەمەلایەن لە حکومەت دوپاتکردەوە و پشتیوانی تیمی گۆڕانیان کرد لە حکومەت و پەرلەمان بۆ بەدەنگەوە چونى داخوازی رەوای هاوڵاتیان."

لەئێستادا پرۆژەیەكی چاكسازی لەلایەن لیژنەیەكی تایبەتمەندی حكومەتی هەرێمی كوردستان ئامادەكراوە و ئەمشەویش مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەت لە وتارێكدا دوای تێپەڕبونی 100 رۆژ لە پێكهێنانی حكومەت رایگەیاند، پرۆژەی چاكسازی تەواو بوە و تەنها ئەوە ماوە بیدەنە پەرلەمان.


Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP