بەپەلە

سەرۆكی حەشدی شەعبی هۆشداری دەداتە ئەندامەكانی

- 12/7/2019 11:36:00 PM 20530 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

سەرۆكی گشتی دەستەی حەشدی شەعبی پەیامێكی ئاراستەی ئەندامەكانی حەشدی شەعبی كردو رایگەیاند،"بەهیچ شێوەیەك مەچنە گۆڕەپانەكانی خۆپیشاندەران".

لە راگەیەندراوێكدا، فالح فەیاز، سەرۆكی گشتی دەستەی حەشدی شەعبی رایگەیاند،"ئاگاداری سەرجەم پێكهاتەكانی حەشدی شەعبی كراوەتەوە، بەهیچ شێوەیەك و لەژێر هیچ ناوێكدا نەچنە نزیك خۆپیشاندەران و لە ناوچەكانی نزیك خۆپیشاندەرانیش دەرنەكەون"

هۆشداریشی داوەتە ئەو كەسانەی لە راسپاردەكان لادەدەن و وتویەتی،"هەر ئەندامێك لە راسپاردەكان لابدات و سەرپێچی بكات لە ئەندامێتی حەشدی شەعبی دوردەخرێتەوە"

ئەمەش لەكاتێكدایە، ئەمڕۆ ماڵپەڕی ئیندیپێندێنتی عەرەبی بڵاویکردەوه‌، ئەو چەکدارانەی شەوی ڕابردو لەشاری بەغداد لە نزیک پردی سنك و گۆڕەپانی خەلانی هێرشیانکردە سەر خۆپیشاندەران و (19) کەسیان کوشت سەر بە كەتیبەكانی حزبوڵای عیراقین و لەلایەن جێگری سەرۆكی دەستەی حەشدی شەعبی ئەبو مەهدی موهەندیس  سەرپەرەشتی دەكرێن.

ئەو پێگە ئەلكترۆنیە ئاماژەی بەو بەڵگانە كردوە كە لەلایەن وەزارەتی ناوخۆی عێراقەوە دەستیکەوتوە، بەگوێرەی بەڵگەكان ئەو چەكدارانە سەر بە كەتیبەكانی حزبوڵای عیراقین و لەلایەن جێگری سەرۆكی دەستەی حەشدی شەعبی ئەبو مەهدی موهەندیس  سەرپەرەشتی دەكرێن.

ئەوەش ئاشكراكراوە كە پێشوەخت چەكدارەكان لە  مزگەوتێکی شاری بەغداد ئامادەکارییانکردوە و پێشتر ئەو چەکانەیان لە مزگەوتەكە حەشارداوە كە لە هێرشەکەدا بەکارییان هێناوە و لە هێرشەكەدا نزیكەی 300 كەس بەشدارییان كردوە


Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP