بەپەلە

"ئەم پیاوە ساختەچیە، دەتانبات بۆ سەر کانی و ئاوتان نادات"
باوکی قوربانیەکی هێرشە تێرۆرستیەکەی لەندەن جۆنسن بە درۆزن ناودەبات

- 12/7/2019 10:26:00 PM 7189 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

دەیڤد مێریت، باوکی جاک مێریت کە یەکێک بو لە قوربانیانی هێرشە تێرۆرستیەکەی مانگی رابردوی پردی لەندەن، سەرۆکوەزیرانی وڵاتکەی بە درۆزن و ساختەچی ناو دەبات.

رێکەوتی 30/11 هێرشبەرێک لەسەر پردی لەندەن بە چەقۆ پەلاماری خەڵکی مەدەنی لەندەنی دا و تیایدا دو کەس گیانیان لەدەستدا.

سەرۆکوەزیرانی بریتانیا و سەرۆکی پارتی کرێکاری ئەو وڵاتە کە رکابەری دەکەن لەسەر بەدەستهێنانی زۆرینەی پەرلەمانی ئەو وڵاتە، دوای وچانێکی کەم لە دەڕبڕینی هاوخەمی بۆ کەسوکاری قوربانیانی هێرشە تێرۆرستیەکەی ، پەلاماری دیبلۆماسیان بۆ سەر یەکدی دەستپێکردەوە، باوکی یەکێک لە قەربانیەکانیش وتەکانی جۆنسن لە نوێترین مشتومڕی تەلەفیزۆنیدا کەلەگەڵ کۆربینی رکابەری ئەنجامیدا بە درۆ  ناوزەند دەکات.

مێریت لە پێگەی فەرمی خۆی لە تویتەر هێرشی زۆر توندی کردوەتە سەر سەرۆکوەزیرانی وڵاتەکەی و دەڵێت"  کۆربین دوینێ شەو راستی وت، جۆنسن درۆیکرد(لە دیبەیتکەدا)، مەرگی کوڕەکەی ئێمە بەکارهێنا بۆ بەرژەوەندی سیاسی خۆی".

"هەستن لە خەو (خەڵکی) بریتانیا، ئەم پیاوە خراپترین کەسی ئێمەیە، ساختەچیە، دەتان بات بۆ سەر کانی و ئاوتان نادات، رەنگە بڵێن ئەو بژاردانەی لەبەر دەستانە زۆر بە دڵی ئێوە نیە، منیش رام وایە، بەڵام با (لە نێوان خراپتر و خراپترین) خراپتر هەڵبژێرین" دەیڤد مێریت وا دەڵێت.

دوای تێپەڕبونی سێ رۆژ بەسەر روداوەکەدا، هەر یەکە لە بۆریس جۆنسن، سەرۆکوەزیرانی بریتانیا و جێرمی کۆربین سەرۆکی پارتی کاری ئەو وڵاتە، لەچوارجێوەی بانگەشەی هەڵبژاردنەکانیاندا یەکدیان تۆمەتبار دەکرد و بەرپرسیاریەتی ئەمنی روداوەکەیان دەدایە پاڵ یەکدی.

جۆنسن رایگەیاند، کە تاوانبارێکی لەو جۆرە نابێت لە زیندان ئازاد بکرێت، ئۆباڵی ئازادکردنی ناوبراوی دەدایە پاڵ سیاسەتی میانڕەوی پارتی کار کە بە وتەی ئەو کۆربن و پارتەکەی بانگەشەی بۆدەکەن.

لایخۆشیەوە جێرمی کۆربین، پارتی پارێزکارانی بەوە تۆمەتبار دەکرد کە ساڵانێکە بەهۆی کەمکردنەوەی شایستەی دارایی دەزگا ئەمنیەکان بوەتە هۆی کەمبونەوی چاودێری ئەمنی تاوانباران.



Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP