خەندان وردەكاری كوژرانی ئافرەتەكەی ئەمشەوی سۆران بڵاودەكاتەوە

- 12/7/2019 9:58:00 PM 101169 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-
ئەمشەو كاتژمێر 6ی ئێوارەوە، ئافره‌تێكی ته‌مه‌ن 42 ساڵ له‌قه‌زای سۆران كوژراو پۆلیسی به‌ره‌نگاربونه‌وه‌ی توندوتیژی دژ به‌ژنانی قه‌زاكه‌ش ورده‌كاری ڕوداوه‌كه‌ بۆ خه‌ندان ده‌خاته‌ڕو، ڕاشیده‌گه‌یه‌نێت كه‌سی تۆمه‌تبارو بكوژ دراوسێ یه‌كترن.
ئێواره‌ی ئه‌مڕۆ شه‌ممه‌، له‌لایه‌ن نه‌خۆشخانه‌ی فریاكه‌وتنی سۆران به‌بونی ته‌رمی ژنێك ئاگاداركراینه‌وه‌

 

 شێروان خالید، وته‌بێژی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی به‌ره‌نگاربونه‌وه‌ی توندوتیژی دژ به‌ژنان له‌قه‌زای سۆران، به‌خه‌ندان-ی ڕاگه‌یاند: ئێواره‌ی ئه‌مڕۆ شه‌ممه‌، له‌لایه‌ن نه‌خۆشخانه‌ی فریاكه‌وتنی سۆران به‌بونی ته‌رمی ژنێك ئاگاداركراینه‌وه‌، دوای لێكۆڵینه‌وه‌ ده‌ركه‌وت ئه‌و ژنه‌ له‌دایكبوی 1977ه‌و خاوه‌نی سێ منداڵه‌و پیشه‌ی ژنی ماڵه‌وه‌یه‌و دانیشتوی گه‌ڕه‌كی (ب)ی قه‌زای سۆرانه‌، فیشه‌كێكی ده‌مانچه‌ به‌ر سینگی كه‌وتوه‌و گیانی له‌ده‌ستداوه‌.

وتیشی:"به‌پێی لێكۆڵینه‌وه‌ سه‌ره‌تاییه‌كان، له‌لایه‌ن كه‌سێكه‌وه‌ به‌ناوی (ا، ت، ج) كه‌ له‌دایكبوی 1996ه‌ كه‌ پیشه‌ی خوێندكاره‌، له‌كاتی ده‌ستكاریكردنی ده‌مانچه‌ (ده‌مانچه‌ی كلۆكی توركی)، فیشه‌كێك له‌ده‌ستی ده‌رچوه‌و به‌ر سینگی ئافره‌ته‌كه‌ كه‌وتوه‌و ده‌ستبه‌جێ گیانی له‌ده‌ستداوه‌".

ئه‌و ئافره‌ته‌ به‌مه‌به‌ستی شه‌حنكردنی مۆبایله‌كه‌ی چۆته‌ ماڵی دراوسێكه‌یان، له‌وكاته‌شدا كه‌سی تۆمه‌تبار له‌ڕاوكردن هاتۆته‌وه‌و خه‌ریكی ده‌مانچه‌كه‌ی بوه‌

 

ورده‌كاری زیاتری ڕوداوه‌كه‌ی خسته‌ڕو، وتی:" ئه‌و ئافره‌ته‌ به‌مه‌به‌ستی شه‌حنكردنی مۆبایله‌كه‌ی چۆته‌ ماڵی دراوسێكه‌یان، له‌وكاته‌شدا كه‌سی تۆمه‌تبار له‌ڕاوكردن هاتۆته‌وه‌و خه‌ریكی ده‌مانچه‌كه‌ی بوه‌و فیشه‌كێك له‌ده‌ستی ده‌رچوه‌و له‌ناو ده‌رگای ماڵه‌كه‌یان به‌ر ئه‌و ئافره‌ته‌ كه‌وتوه‌".

خانه‌واده‌ی تۆمه‌تبارو كوژراویش هیچ كێشه‌یه‌كیان نه‌بوه‌و دراوسێ بون، بۆیه‌ هه‌ردولاش له‌كاتی به‌خاسپاردنی ئافره‌ته‌كه‌ ئاماده‌بون

 

ڕاشیگه‌یاند، "خانه‌واده‌ی تۆمه‌تبارو كوژراویش هیچ كێشه‌یه‌كیان نه‌بوه‌و دراوسێ بون، بۆیه‌ هه‌ردولاش له‌كاتی به‌خاسپاردنی ئافره‌ته‌كه‌ ئاماده‌بون".

شێروان خالید، ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا، تۆمه‌تباره‌كه‌ ڕاسته‌وخۆ دوای ڕوداوه‌كه‌ خۆی ڕاده‌ستی هێزه‌ ئه‌منیه‌كان كردوه‌و له‌ئێستاشدا به‌پێی ماده‌ی 406 له‌به‌شی گرتن و گواستنه‌وه‌ی سۆران ده‌ستبه‌سه‌ركراوه‌، لێكۆڵینه‌وه‌ش له‌سه‌ر ڕوداوه‌كه‌ به‌رده‌وامه‌.



Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP