بەپەلە

عەلی حەمەساڵح: چ کاڵایه‌کی قه‌ده‌غه‌کراوت ده‌وێ به‌بێ گومرگ و به‌بێ پشکنین به‌زه‌بری هێز بۆت داخڵده‌کرێت

- 12/7/2019 9:40:00 PM 6334 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

عەلی حەمەساڵح، سەرۆكی فراكسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی كوردستان لەسەر تەزویكردنی نوسراوێك بەناوی وەزیری كشتوكاڵەوە بۆ هێنانی كاڵا بۆ ناو هەرێم رایگەیاند،"چ کاڵایه‌کی قه‌ده‌غه‌کراوت ده‌وێ به‌بێ گومرگ و به‌بێ پشکنین به‌زه‌بری هێز بۆت داخڵده‌کرێت"

عەلی حەمەساڵح، لە پۆستێكدا لە هەژماری تایبەتی خۆی  لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبوك نوسیویەتی،"ئه‌وه‌ی ئێمه‌ به‌به‌ڵگه‌ی ته‌واو ده‌ستمانکه‌وتوه‌، دزی و تاڵانی له‌ خاڵه‌ سنوریه‌کان ده‌سه‌لمێنێت، تاڵانیه‌کی بێ وێنه‌یه‌، دزی و خیانه‌ت له‌ هه‌مومان، له‌ گیرفانی هه‌موان، خه‌ڵکێک ئاماده‌یه‌ بۆ ده‌ستکه‌وتنی پاره‌ هه‌موان توشی خراپترین نه‌خۆشی بکات."

سەرۆكی فراكسیۆنی گۆڕان نوسیویشیەتی،"قه‌باره‌ی گه‌نده‌ڵی له‌ خاڵه‌ سنوریه‌کان نزیکه‌ی 40 ملیۆن دۆلاره‌و ئه‌مه‌م به‌ به‌ڵگه‌ سه‌لماندوه‌. نوسراوی ناوێ، چ کاڵایه‌کی قه‌ده‌غه‌کراوت ده‌وێ به‌بێ گومرگ و به‌بێ پشکنین به‌زه‌بری هێز بۆت داخڵده‌کرێت."

ئاماژەی بەوەشكردوە،"کۆنتێنه‌رێک دوگ به‌ 30 هه‌زار دۆلار و هێلکه‌ به‌ 10 هه‌زارو 500 دۆلار و سێوو ترێ به‌ 5 هه‌زار 500 دۆلار بۆت داخڵده‌کرێت. داهاتی ئه‌م کاڵایانه‌ به‌ قاچاخ دێت نزیکه‌ی 10 ملیۆن دۆلاری مانگانه‌یه‌."

باسی لەوەشكردوە،"نزیکه‌ی 20 کۆمپانیا له‌سه‌رجه‌م خاڵه‌ سنوریه‌کان پاره‌ له‌ خه‌ڵک وه‌رده‌گرن له‌ 700 دۆلاره‌وه‌ بۆ 5 دۆلاری تێدایه‌. کۆمپانیا هه‌یه‌ مانگانه‌ 5 ملیۆن دۆلار به‌ چه‌ند کاغه‌زێک ده‌خاته‌ گیرفانی. ڕاپۆرته‌که‌م داوه‌ به‌ سه‌رۆکایه‌تی حکومه‌ت و په‌رله‌مان، ئێستا لیژنه‌ دروستکراوه‌و به‌ڵێنی ئیجرائات دراوه‌. هیوادارین ئه‌نجامی هه‌بێت، ئه‌گه‌رنا چاوپۆشی لێناکرێت و چاوپۆشی لێی خیانه‌تی گه‌وره‌یه‌."

لە كۆتاییدا رایگەیاند،"ئه‌م دۆسیه‌ له‌ گردنی ئێمه‌دایه‌و تاکۆتا له‌سه‌ری ده‌ڕۆین. به‌دواداچونه‌که‌ له‌سه‌ر هه‌رچوار مه‌رزی ئیبراهیم خه‌لیل و حاجی ئۆمه‌ران و باشماخ و په‌روێزخان و هه‌موو مه‌رزه‌ لاوه‌کیه‌کانه‌."


Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP