وه‌زاره‌تی كشتوكاڵ ڕونكردنه‌وه‌یەكی بڵاوكردەوە

- 12/7/2019 7:44:00 PM 1099 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

وه‌زاره‌تی كشتوكاڵ و سه‌رچاوه‌كانی ئاوی حكومه‌تی هه‌رێم ڕونكردنه‌وه‌ له‌سه‌ر نوسراوێكی ساخته‌ بۆ هاورده‌كردنی بڕێكی زۆر دوگی مه‌ڕی به‌ستو ده‌دات و ڕاشیده‌گه‌یه‌نێت، ستافی گومرگی باشماخ وریایانه‌ دركیان به‌ ساخته‌یی نوسراوه‌كه‌ كردوه‌و ڕێكاری یاسایی-ش بۆئه‌و مه‌به‌سته‌ گیراوه‌ته‌به‌ر.

وته‌بێژی وه‌زاره‌تی كشتوكاڵ له‌ڕونكردنه‌وه‌یه‌كدا كه‌ وێنه‌یه‌كی بۆ خه‌ندان نێردراوه‌، "كه‌سێكی ساخته‌كار، به‌ نوسراوێكی ساخته‌ هه‌وڵی هاورده‌كردنی بڕێكی یه‌كجار زۆر دوگ (دونگی مه‌ڕ)ی به‌ستوی داوه‌، كه‌ زیاتر له‌ 10 ساڵه‌ هاورده‌ كردنی به‌ گوێره‌ی یاسای كه‌ره‌نتینه‌ی ڤێته‌رنه‌ری له‌ سه‌رتاسه‌ری عیراق به‌ هه‌رێمی كوردستانیشه‌وه‌ قه‌ده‌غه‌یه‌".

وته‌بێژی كشتوكاڵ ڕونیشیكردۆته‌وه‌،"نوسراوه‌كه‌ له‌سه‌ر كڵێشه‌یه‌كی ساخته‌ و دروستكراو كه‌ جگه‌ له‌ ساخته‌یی كڵێشه‌كه‌ و له‌یه‌كنه‌چونی له‌گه‌ڵ كڵێشه‌ی وه‌زاره‌تمان، ده‌قی نوسراوه‌كه‌ش پڕه‌ له‌  هه‌ڵه‌ی ته‌كنیكی و ئیداری زه‌ق، هه‌ر وه‌ها ئیمزای ساخته‌ به‌ ناوی وه‌زیری كشتوكاڵ وسه‌رچاوه‌كانی ئاو خراوه‌ته‌ سه‌ر نوسراوه‌كه‌ و ئاراسته‌ی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی گومرگی باشماخ كراوه‌.

هه‌ر به‌گوێره‌ی ئه‌و ڕونكردنه‌وه‌كه‌،"خۆشبه‌ختانه‌ ستافی گومرگی باشماخ وریایانه‌ دركیان به‌ ساخته‌یی نوسراوه‌كه‌ كردوه‌، له‌ئێستاشدا ڕێكاری یاسایی گیراوه‌ته‌به‌ر، له‌ ئێستادا له‌ پێناو به‌ڕێوه‌چونی به‌دواداچونه‌ یاساییه‌كان ته‌نیا هێنده‌ زانیاری ده‌خه‌ینه‌ به‌رده‌ست و له‌ داهاتودا ورده‌كاریی زیاتر ده‌خه‌ینه‌ ڕو".
 
ئێواره‌ی ئه‌مڕۆش، بێگه‌ر تاڵه‌بانی وه‌زیری كشتوكاڵ له‌لێدوانێكی تایبه‌تدا به‌خه‌ندان-ی ڕاگه‌یاند: ئه‌و نوسراوه‌ ساخته‌یه‌و دواتر ڕونكردنه‌وه‌ی پێویست له‌وباره‌یه‌وه‌ بڵاوده‌كه‌ینه‌وه‌.


Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP