بەوێنە؛ سوپای عێراق لە گۆڕەپانی سنک و تەحریر بڵاوەیان پێکرا

- 12/7/2019 11:55:00 AM 5364 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

بەرەبەیانی ئەمڕۆ هێزێکی سوپای عێراق لە هەردو گۆڕەپانی سنک و تەحریر لە ناوەڕاستی بەغدا بڵاوەیان پێکرا، دوای رودوەکانی شەوی رابردوش ئەمڕۆ تا ئاستێک ئارامی بۆ گۆرەپانی خۆپیشاندان گەڕاوەتەوە.

سەرچاوەیەکی ئەمنیش بە ماڵپەڕی سۆمەریە نیوز-ی راگەیاندوە، بڵاوپێکردنی هێزەکانی سوپای عێراق دوای ئەوە هات شەوی رابردو ژمارەیەک چەکدار کە ئۆتۆمبێلی بێ ژمارە و مەدەنیان پێبوە تەقەیان لە خۆپیشاندەران کردوە، بە ئامانجی کشانەوەی مانگرتوان لە گۆڕەپانی سنک و دواتریش تەحریر.

ئەوە لە کاتێکدایە ژمارەی کوژراوانی خۆپیشاندانەکانی دوێنێ بەغدا بۆ لانیکەم 19 کەس بەرزبوەوە و زیاتر لە 70 کەسیش برینداربون، پۆلیسی عێراقیش رایگەیاند، ئەوان ناسنامەی ئەو چەکدارانە نازانن کە شەوی رابردو تەقەیان لە خۆپیشاندەران کردوە.

لە 25ی مانگی ئۆکتۆبەری ئەمساڵەوە خۆپیشاندانەکانی عێراق بەردەوامن، تا ئێستاش بەهۆی گوللەی هێزە ئەمنییەکان و گروپە نەناسراوەکانەوە نزیکەی 500 خۆپیشاندەر کوژراون.

29ی مانگی رابردو عادل عەبدولمەهدی لەوەڵامی پەیامەکەی عەلی سیستانی، مەرجەعییەتی باڵای شیعەکانی عێراق نامەی دەستلەکارکێشانەوەی بڵاوکردەوە و یەکی ئەم مانگەش دەستلەکارکێشانەوەکە لە پەرلەمانی عێراق پەسەندکرا.



Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP