"سێ ساڵ لەمەوبەر هەمو پیاوەکانیان شوێن بزرکراون"
گوندێکی سەر بە پارێزگای ئەنبار هیچ پیاوێکی تیادا ناژی

- 12/7/2019 11:17:00 AM 15103 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

گوندی ئەلبوعکاش، کە سەر بە شارۆچکەی سەقلاوییە لە پارێزگای ئەنبار لە ئێستادا هیچ پیاوێکی تیادا ناژی، هۆکاری نەبونی پیاویش لە گوندەکەدا بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە سێ ساڵ لەمەوبەر هێزە ئەمنییەکان لە کاتی کۆنتڕۆڵکردنەوەی گوندەکەدا سەرجەم پیاوەکانیان بە هۆکاری "لایەنگیری بۆ گروپە چەکدارەکان دەستگیرکردوە و چارەنوسیان نادیارە".
ساڵی 2016 لەکاتی ئۆپەراسیۆنی هێزە ئەمنییەکان بە ئامانجی کۆنتڕۆڵکردنەوەی لە ژێر دەستی گروپە چەکدارییەکان، سەرجەم پیاوەکانی ئەو گوندەیان دەستگیرکردوە

 

ژمارەی ئەو پیاوانەی لە گوندەکەدا ژیاون زیاتر بوە لە 790 پیاو، ساڵی 2016 و لە کاتی ئۆپەراسیۆنی هێزە ئەمنییەکانی عێراقدا بۆ سەر گوندەکە بە ئامانجی کۆنتڕۆڵکردنەوەی لە ژێر دەستی گروپە چەکدارییەکان، سەرجەم پیاوەکانی ئەو گوندەیان دەستگیرکردوە، لە ئێستادا گوندەکە تەنها لە ژنان و منداڵەکانیان پێکهاتوە، وەکو خێزانەکان باسی دەکەن ژیانیان لەو پەڕی خراپیدایە، چونکە تائێستاش چارەنوسی پیاوەکانی گوندەکە نادیارە.
ماڵەکەمان بەهۆی شەڕەوە بە تەواوی وێران بو، ئێستاش سەرپەرشتی 14 کەس دەکەم کە زۆرینەیان منداڵن

 

دایکی شاکر، یەکێکە لەو کەسانەی هاوسەرەکەی لەلایەن هێزئەمنییەکان دەستگیرکراوە و باسی لەوەکردوە، "ماڵەکەمان بەهۆی شەڕەوە بە تەواوی وێران بو، ئێستاش سەرپەرشتی 14 کەس دەکەم کە زۆرینەیان منداڵن، حکومەت و رێکخراوەکان هاوکاریمان ناکەن، ئەوەی دەسەڵاتدارانی عێراق بۆ ئێمەیان دورستکردوە دۆزەخێکی راستەقینەیە".

هاوکات دانیشتوانی ئەو ناوچەیە باس لەوە دەکەن، دۆخی ئاوارەکانی پارێزگای ئەنبار لەو پەری خراپیدایە و سەرەڕایی بەڵێنی ئاوەدانکردنەوەی ناوچەکانیان تائێستا هیچ هەنگاوێکیان نەناوە.

پەیوەست بە ئەو کەسانەی "شوێن بزریشکراون" پارێزگار و بەرپرسانی ئەنبار بە "ترسەوە" مامەڵە لەگەڵ دۆسیەکەدا دەکەن، چونکە دەسەڵاتی فیدڕاڵی بەغدا مەترسی لەسەر ئەوانیش دروستدەکات.
بەدواداچونی ئەو کەسانە لەلایەن خێزانەکانیانەوە تێچویەکی دارایی زۆریان لەسەر کەوتوە، بەڵام ئەنجامی نەبوە

 

سەبارەت بە هەوڵەکانی بەدواداچونی چارەنوسی ئەو کەسانەش لەلایەن دەسەڵاتی دادوەری عێراقەوە "زۆر بە سستی بەڕێوەدەچێت" سەرەڕای ئەوەی بەدواداچونی ئەو کەسانە لەلایەن خێزانەکانیانەوە تێچویەکی دارایی زۆریان لەسەر کەوتوە، بەڵام ئەنجامی نەبوە ئەوەش ئەو کەسانەی توشی نەخۆشی دەرونی کردوە.

مستەفا سەعدون، سەرۆکی روانگەی عێراق بۆ مافەکانی مرۆڤ بە ماڵپەڕی نون پۆستی راگەیاندوە، دۆسیەی بێ سەروشوێنکراوان پێویستی بە بڕیارێک لە دەرەوەی عێراق هەیە چونکە حکومەت ناتوانێت چارەنوسی ئەو کەسانەی دیاریبکات، ئەوانیش هەمو دۆسییەکانیان بۆ نێوەندە جیهانییەکان لەناویاندا جنێف دەگوازنەوە.

بەگوێرەی ئامارەکانی لیژنەی نێودەوڵەتی بۆ کاروباری بێ سەروشێونان، لە ئێستادا ژمارەی ئەو کەسانەی بە هەر هۆکارێک شوێن بزرن ژمارەیان لە نێوان 250 هەزار بۆ ملیۆنێک هاوڵاتی دەخەمڵێندرێت، بەوەش عێراق دەبێتە یەکێک لەو وڵاتانەی لەسەر ئاستی جیهان زۆترین هاوڵاتی بێ سەروشوێنی تێدا تۆمارکراوە.


Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP