بەپەلە

نۆیەم نوسینگەی پاسپۆرت لە قەزایەکی دیکەی هەرێمی کوردستان دەکرێتەوە

- 12/6/2019 10:48:00 PM 9367 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

بەڕێوەبەرایەتى پاسپۆرتی پارێزگای سلێمانى رایگەیاند، وەزارەتی ناوخۆی ھەرێمی کوردستان ڕەزامەندی لەسەر کردنەوەی نوسینگەی پاسپۆرت لە چەمچەماڵ دەربڕیوە و دوای ئەوەی لیژنەیەکی هونەری لە بەغداوە رێکارەکانی کردنەوەی ئەو نوسینگەیە هەڵدەسەنگێنێت، نوسینگەی پاسپۆرتی چەمچەماڵ بە فەرمی دەکرێتەوە.

بەڕێوەبەرایەتى پاسپۆرتی سلێمانی لە راگەیەنراوێکدا بڵاویكردوەتەوە، بەهەوڵی بەڕێوەبەری پاسپۆرتی پارێزگای سلێمانی و قائیمقامی قەزای چەمچەماڵ بۆ کردنەوەی نوسینگەی پاسپۆرتی چەمچەماڵ، وەزیری ناوخۆی ھەرێمی کوردستان رەزامەندی دا لەسەر کردنەوەی نوسینگەکە بە فەرمانی وەزاری ژمارە ( ٢١٦٧١ ) لە ( ١-١٢-٢٠١٩) کە کردنەوەی ئەم نوسینگەیە کار ئاسانی بۆ ھاوڵاتیانی چەمچەماڵ و ناحیە و گوندەکانی دەوروبەری دەکات.

ئەوەش هاتوە، لە دوای ئەم ڕەزامەندیەی وەزارەتی ناوخۆی ھەرێمی کوردستان دەست دەکرێت بە ڕێکارەکانی کردنەوە کە یەکەم ھەنگاو لیژنەیەکی ھونەری لە بەغدادەوە دێن بۆ بڕیاردان لەسەر ڕادەی گونجاندنی شوێنەکە بۆ نوسینگەی پاسپۆرت، پاشان دوای پەسەند کردنی شوێنەکە لیژنەیەکی تر دێنە چەمچەماڵ بۆ بەستنی سیستەمەکە، وە سەرجەم پێداویستیەکانی سیستەمەکە و کەل و پەلی نوسینگەگە بە لیستێک ئامادەکراوە و خۆشبەختانە لە وەزارەتی ناوخۆیە بەمەبەستی كڕینی پێداویستیەکان و دابین کردنی.

بەڕێوەبەرایەتى پاسپۆرتی سلێمانی دەشڵێت، مژدەش دەدەنە ھاوڵاتیانی ئەو دەڤەرە کە بە زوترین کات نوسینگەکە دەکرێتەوە و خزمەتی ھاوڵاتیانی ئەو ناوچەیە دەکات.

مانگی ئابی ئەمساڵیش وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی كوردستان رایگەیاند، بە فەرمانێكی وەزیری ناوخۆ سێ‌ نوسینگەی بەدەستهێنانی پاسپۆرت لە قەزاكانی سۆران، ئاكرێ‌ ‌و زاخۆ دەكرێتەوە ‌و بۆ ئەو مەبەستەش لیژنەیەک بۆ سەرپەرشتیكردنی ئەو كارە پێكهاتوە.

بە گوێرەی ئامارێک لە شەش مانگی یەكەمی ئەمساڵدا، زیاتر لە 202 هەزار  داواکاری بۆ بەدەستهێنانی پاسپۆرت لە پارێزگاكانی هەولێر، سلێمانی و دهۆك تەواوکراون ‌و زۆرترینی ئەو رێژەیەش لە پارێزگای هەولێردا بوە


Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP