بەپەلە

ئاژانسێكی ئەمریكی: ئەنجامدەری روداوی تەقەكردنەكەی فلۆریدا خوێندكارێكی سعودی بوە

- 12/6/2019 10:31:00 PM 2569 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

ئاژانسێكی هەواڵیی ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریكا، لە زاری بەرپرسێكی ئەو وڵاتەوە رایگەیاند، ئەنجامدەری روداوی تەقەكردنی ناوەندە سەربازییەكەی فلۆریدا خوێندكارێكی بە رەگەز سعودی بوە.

ئاژانسی هەواڵیی ئەسۆشیەتد پرێس، لە زاری بەرپرسێكی ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریكاوە رایگەیاند "ئەو كەسەی تۆمەتبارە بە ئەنجامدانی روادوی تەقەكردن لە ناوەندی سەربازی  پێنساكۆلا لە ویلایەتی فلۆریدا، خوێندكارێكی بە رەگەز سعودی بوە".

ئاماژەی بەوەشكردوە "لە ئێستادا دەزگا و هێزە ئەمنییەكان سەرقاڵی لێكۆلینەوەن لە روداوەكە، تا بزانن ئایا روادەكە تێرۆریستی بوە یاخود نا".

ئەمڕۆ هەینی، لە ناوەندێكی سەربازیی ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریكا، روداوێكی تەقەكردن رویدا و لە ئەنجامیشدا دو كەس كوژران و پێنجی دیكەش برینداربون.

روداوەكە لە ویلایەتی فلۆریدا، سەر بە ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریكا و لە ناوچەی ئیسكامپیا رویداوە، پۆلیسی ئەوو ناوچەیەش لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕە كۆمەڵایەتیەكان سەبارەت بەو روداوە رایگەیاند "ئەنجامدەری هێرشە چەكدارییەكە كوژراوە".

ئاماژە بەوەشكراوە "لە ناوەندی سەربازیی پنساكولا، روداوەكە رویداوە و جەخت لەسەر كوژرانی ئەو كەسە كراوەتەوە كە هێرشە چەكدارییەكەی ئەنجامداوە"، چەند سەرچاوەیەكی دیكەش لە هێزە ئەمنییەكان رایانگەیاندوە، كەسێكی دیكە بەهۆی ئەو هێرشەوە گیانیلەدەستداوە.

هاوكات هێزە ئەمنییەكان و ناوەندە تەندروستییەكانی ئەو ناوچەیە رایانگەیاندوە "پێنج كەسی دیكە بەهۆی هێرشەكەوە برینداربون و دەستبەجێ پاش روداوەكە گەیەندراونەتە نەخۆشخانە".

جەیسن بۆرتس، ئەفسەری پەیوەندییە گشتییەكان لە ناوەندی پێنساكولا رایگەیاند "روداوەكە پاش كاتژمێر شەش و نیوی بەیانی رویداوە و پاش روداوەكەش دەسەڵاتدارانی ئەمریكا ئەو ناوەندە سەربازییەیان داخستوە". 


Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP