ئۆپێك و وڵاتانی وەبەرهێنی نەوت لەسەر كەمكردنەوەی وەبەرهێنانەكانیان بۆ نیو ملیۆن بەرمیل رۆژانە رێككەوتن

- 12/6/2019 6:10:00 PM 2192 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

رێكخراوی وڵاتانی وەبەرهێنی نەوت "ئۆپێك" و وڵاتانی هاوپەیمانی "ئۆپێك+" رێككەوتون لەسەر كەمكردنەوەی رێژەی وەبەرهێنانەكانیان بۆ نیو ملیۆن بەرمیل نەوت رۆژانە و ئەو بڕیارەش لە سەرەتای ساڵی داهاتوەوە جێبەجێدەكرێت.

ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز ئەمرۆ هەینی لە زاری عەبدولعەزیز بن سەلمان، وەزیری وزەی سعودیەوە رایگەیاند، وڵاتانی وەبەرهێنی نەوت بڕیاریانداوە بە كەمكردنەوەی رێژەی وەبەرهێنانەكانیان بۆ 503 هەزار بەرمیل نەوت لە رۆژێكدا.

بن سەلمان لەمیانی لێدوانێكی رۆژنامەوانیشدا ئاماژەی بەوەكرد "لەگەل ئەوەدا وڵاتانی وەبەرهێنی نەوت لە سەرەتای ئەمساڵەوە و تا ئێستا بە بەردەوامی پابەندن بە كەمكردنەوەی رێژەی وەبەرهێنانی نەوت بۆ 200 بەرمیل رۆژانە، بەڵام لە سەرەتای ساڵی داهاتوەوە ئەو رێژەیە بۆ 503 هەزار بەرمیل لە رۆژێكدا كەمتردەكرێتەوە".

وتیشی بەگوێرەی ئەو بڕیارە نوێیە "پشكی وڵاتانی ئەندام لە رێكخراوی وڵاتانی وەبەرهێنی نەوت (ئۆپێك) 372 هەزار بەرمیل و پشكی وڵاتانی وەبەرهێنی نەوت لە دەرەوەی رێكخراوەكە (ئۆپێك+) 131 هەزار بەرمیل دەبێت".

لە درێژەی وتەكانیدا بن سەلمان راشیگەیاند "هەریەك لە وڵاتانی ئێران و ڤێنزوێلا و لیبیا ئەو رێككەوتنە نایانگرێتەوە و وڵاتی سعودییەش وەبەرهێنانی 167 هەزار بەرمیل نەوت لە رۆژێكدا كەمدەكاتەوە".



Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP