سوریا: تورکیا و سعودیە چەکی کیمیایان بۆ خاکی ئێمە ناردوە

- 12/6/2019 11:57:00 AM 1916 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

فەیسەڵ میقداد، جێگری وەزیری دەرەوەی سوریا حکومەتی ئەنقەرە و ریاز بەوە تۆمەتباردەکات، کە چەکی کیمیایی قەدەغەکراویان بۆ ناو خاکی ولاتەکەی ناردوە.

لەمیانی چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ کەناڵی مەیادینی لوبنانی، میقداد وتی" لەسەروبەندی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان بۆ راوەدونانی چەکدارە تێرۆرستیەکان لە خاکی سوریا، پاشماوەی چەند بەرمیلێکمان دۆزیەوە کە مادەی کیمیایان تیادابوە و دروستکراوی وڵاتی تورکیا و سعودیە بون".

جێگری وەزیری دەرەوەی سوریا لە چاوپێکەوتنەکەیدا ئاماژەشی بەوەدا، یەکەم هێرشی کیمیای کە لە خاکی سوریا ئەنجامدراوە، رێکەوتی 19ی ئازاری ساڵی 2013 بوە لە نزیک حەلەب، "کە تیایدا بەشێوەیەکی یەکسەری 25 سەرباز گیانیان لەدەستدا".

فەیسەڵ میقداد باسی لەوەشکرد، کە رێکخراوی قەدەغەکردنی چەکی کیمیایی(OPCW) رەتیکردوەتەوە تیمی پشکنین بۆ شوێنی روداوەکان بنێرێت.

مانگی 10ی ئەمساڵ، لە بابەتێکی بنکۆلکاری خەنداندا گومانی پێدانی بەرتیل بە رێکخراوی قەدەغەکردنی چەکی کیمیایی(OPCW) بۆ پەردەپۆشکردنی بەکارهێنانی چەکی کیمیایی لەلایەن تورکیاوە دژی کوردانی رۆژئاڤا  خرابوەڕو.

رێکەوتی 16/10 حکومەتی رورکیا چەکی فسفۆرێ قەدەغەکراوی لە دژی کوردانی رۆژئاڤا بەکارهێنا، هەرچەندە ئەنقەرە حاشای لەو تۆمەتانە کرد، بەڵام  تەنها رۆژێک بەر لە روداوەکە(رێکەوتی 17/10)، رێکخراوی قەدەغەکردنی چەکی کیمیایی(OPCW) رایگەیاندوە، کە پارەیان لە حکومەتی تورکیا وەرگرتوە بۆ باشکردن و بەرەوپیشبردنی تاقیگەکانیان، ئەمەش گومانی زیاتر لە بەکارهێنانی چەکی کیمیای لەلایەن تورکیا و پەردەپۆشکردنی لەلایەن(OPCW) تۆخترکردەوە.


Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP