وەزارەتی پێشمەرگە هێزێكی فراوان رەوانەی ناوچەكانی گەرمیان دەكات بۆ روبەروبونەوەی داعش

- 12/6/2019 11:41:00 AM 5570 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

دوای په‌لاماره‌كه‌ی چه‌ند ڕۆژی ڕابردوی سنوری قه‌زای خانه‌قین، وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ ژماره‌یه‌كی زۆر له‌هێزه‌كانی ڕه‌وانه‌ی سنوره‌كان ده‌كات، وته‌بێژی وه‌زاره‌ته‌كه‌ش زانیاری له‌وباره‌یه‌وه‌ ده‌خاته‌ڕو، ڕاشیده‌گه‌یه‌نێت: سه‌رجه‌م سنوره‌كان توند ده‌كه‌ینه‌وه‌".

فه‌ڕیق ڕوكن جه‌بار یاوه‌ر وته‌بێژو ئه‌مینداری گشتی وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌، به‌ خه‌ندان-ی ڕاگه‌یاند: هه‌فته‌ی ڕابردو چه‌ند یه‌كه‌یه‌كی لیوایه‌كی 5ی پیاده‌ی پێشمه‌رگه‌و دوێنێ-ش لیوای 6ی پیاده‌مان پێشمه‌رگه‌مان ڕه‌وانه‌ی سنوری قه‌زای خانه‌قین كرد.

وتیشی:" ئامانج له‌ناردنی ئه‌و هێزانه‌، بۆ به‌هێزكردنی هێڵی به‌رگریه‌ له‌ناوچه‌كانی خانه‌قین، به‌جۆرێك سنوره‌كان توندو ڕێكده‌خه‌ینه‌وه‌، بۆئه‌وه‌ی ڕێگری له‌داعش بكه‌ین كه‌ كرده‌وه‌ی تیرۆرستی له‌و ناوچانه‌ ئه‌نجامنه‌دات".

جه‌بار یاوه‌ر ڕونیشیكرده‌وه‌، ناردنی هێزه‌كانمان زیاتر بۆئه‌وه‌یه‌ كە پارێزگاری له‌هاوڵاتیان و گوندنشینانی ئه‌و ناوچانه‌ بكه‌ین كه‌ ماوه‌یه‌كه‌ كرده‌ی تیرۆرستی داعش زیادی كردوه‌و بۆته‌ هۆكارێكیش بۆ چۆڵكردنی به‌شێك له‌گونده‌كانییان.

جه‌ختیشیكرده‌وه‌، هێڵی به‌رگری له‌خانه‌قینه‌وه‌ تا ده‌گاته‌ كفری زۆر به‌توندی توندوتۆڵی ده‌كه‌ین و به‌هه‌مو جۆرێك ڕێگری له‌دزه‌كردنی چه‌كدارانی داعش ده‌كه‌ین.

شه‌وی 4ی ئه‌م مانگه‌ تیرۆرستانی داعش له‌سنوری قه‌زای خانه‌قین په‌لامار لیوای سێی هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌یانداو به‌وهۆیه‌شه‌وه‌  پێشمه‌رگه‌یه‌ك شه‌هیدبو، دو پێشمه‌رگه‌ی دیكه‌ش برینداربون.



Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP