خۆپیشاندانی سەرتاسەری فرەنسا هاتوچۆ پەکدەخات و خوێندنگەکان بەداخستن دەدات

- 12/6/2019 10:37:00 AM 2714 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

ئەمرۆ هەینی خۆپیشاندانە سەرتاسەریەکانی فرەنسا پێی نایە رۆژی دوەمەوە، بەهۆیەوە هاتوچۆ لەزۆربەی شەقامە سەرەکیەکانی شارەکانی فرەنسا پەکیکەوت و خوێندنگەکان داخران.
 شەقامەکان چۆڵناکەنە تا ئەو کاتەی ئیمانیۆل ماکرۆن، سەرۆکی ئەو وڵاتە لە بڕیاری هەمواریی یاسای خانەنشینی پاشگەزدەبێتەوە

خۆپیشاندەران بەڵێنی بەردەوامیان داوە و رایدەگەیەنن شەقامەکان چۆڵناکەنە تا ئەو کاتەی ئیمانیۆل ماکرۆن، سەرۆکی ئەو وڵاتە لە بڕیاری هەمواریی یاسای خانەنشینی پاشگەزدەبێتەوە.

ماکرۆن لەدوای دەستبەکاربونیەوە لەساڵی2017 دا، بڕیاریدا بە ئەنجامدانی چاکسازی لە یاساکانی پەیوەندیدار بە یەکێتی و رێکخراوەکانی بازرگانی لەو چوارچێوەیەدا و لەنوێترین بڕیاریدا پلانی داناوە بۆ چاکسازی لە خانەنشینی ئەو چینەدا.

حکومەتی فرەنسا دەیەوێت گۆڕانکاری لەسیستمی پێدانی خانەنشینی وڵاتەکەی بکات بەرێکخستنەوەی سیستمی خانەنشینی، سەندیکا و یەکێتییەکانی کرێکارانیش پێیانوایە ئەو گۆڕاکارییانەی حکومەت بەنیازە بیانکات ملیۆنان کرێکاری هەردو کەرتی گشتی و تایبەت ناچاردەکات پاش تەمەنی یاسایی خۆیان کە 62 ساڵییە کاربکەن.

لە ئەگەری بەردوامبونی خۆپیشاندانەکاندا بەو شێوەیەی ئێستا هەیە، ڕون نیە لایەنی حکومەت لە گروەکەدا براوە دەبێت یاخود نا، بەوپێیەی بەهۆی پەخستنی هاتوچۆ و دروستکردنی بارگرژی بۆ ژیانی رۆژانەی هاوڵاتیان، خۆپیشاندەران پاڵپشتی جەماوەر لەدەستدەدەن، لەلایەکی دیکەشەوە حکومەت پێدەچێت بۆ رازیکردنی دڵی دەنگدەران لە بڕیارەکانی پاشگەزببێتەوە.



Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP