سه‌رۆك بەرهەم ساڵح دو یاسای گرنگی په‌سه‌ندكرد

- 12/5/2019 3:53:00 PM 78255 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

د. به‌رهه‌م ساڵح، سه‌رۆك كۆماری عێراق هه‌ردو یاسای خانه‌نشینی یه‌كگرتوی له‌گه‌ڵ لابردنی ئیمتیازاتی پله‌ باڵاكانی په‌سه‌ندكرد، راوێژكارێكی سه‌رۆكایه‌تی كۆماریش رایده‌گه‌یه‌نێت، ئه‌و دو یاسایه‌ راستەوخۆ ده‌چنه‌ بواری جێبه‌جێكردنه‌وه‌، كه‌ په‌یوه‌ستن به‌داخوازی خۆپیشانده‌رانه‌وه‌.

سالار مه‌حمود، راوێژكاری سه‌رۆكایه‌تی كۆماری عیراق به‌ خه‌ندان-ی ڕاگه‌یاند، ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه‌ 5-12-2019 د.به‌رهه‌م ساڵح یاسای خانه‌نشینی یه‌كگرتوی په‌سه‌ند كرد، كه‌ كۆمه‌ڵێك گۆڕانكاری گرنگی تێدایه‌، خزمه‌ت به‌چاكسازی و رێكخستنه‌وه‌ی موچه‌ی خانه‌نشینی له‌عیراق ده‌كات، جگه‌ له‌وه‌ش په‌یوه‌سته‌ به‌ به‌دیهێنانی به‌شێك له‌داخوازی خۆپیشانده‌رانه‌وه‌".

ئاماژەی بەوەشکرد، "له‌گه‌ڵ په‌سه‌ندكردنی یاساكه‌دا، سه‌رۆك كۆمار پێشنیازی بۆ حكومه‌تی عیراق كردوه‌ كه‌مترین موچه‌ی خانه‌نشینی له‌ 500 هه‌زار دیناره‌وه‌ بكرێته‌ 800 هه‌زار دینار".

راوێژکارەکەی سەرۆکایەتی کۆماری عێراق ئاماژه‌ی به‌یاسایه‌كی دیكه‌ی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران كرد، كه‌ هه‌ر ئه‌مڕۆ سه‌رۆك كۆماری عیراق په‌سه‌ندی كردوه‌ ئاشكرایكرد، "یه‌كێكی دیكه‌ له‌و یاسایانه‌ی ئه‌مڕۆ د. به‌رهه‌م ساڵح په‌سه‌ندی كرد،  یاسای لابردنی ئیمتیازاتی پله‌ باڵاكان بو، ئه‌وه‌ش هه‌نگاوێكی گرنگه‌ بۆ به‌دیهێنانیی دادپه‌روه‌ری له‌نێوان موچه‌خۆرانی پله‌ به‌رزو پله‌ نزمدا".

سالار مه‌حمود جه‌ختیشیكرده‌وه‌، "سه‌رجه‌م ئه‌و یاسایانه‌ به‌شێكن له‌پرۆسه‌یه‌كی چاكسازی كه‌ پێشتر سه‌رۆك كۆمار كاری له‌سه‌ر كردوه‌ و بانگه‌وازی بۆ حكومه‌ت و په‌رله‌مان كردوه‌ كه‌ ڕێوشوێنه‌كانی بگرنه‌ به‌ر، هه‌ر خۆشی به‌شێك بو له‌هاندانی په‌رله‌مان به‌مه‌به‌ستی ده‌رچواندنی ئه‌م یاسایانه‌و له‌ئه‌مڕۆشه‌وه‌، كه‌ واژۆی له‌سه‌ر كردون ده‌چنه‌ بواری جێبه‌جێكردنه‌وه‌".


Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP