بۆ یەكەمجار لە ئەمریكا، پاش ئەوەی دڵێكی مردو بوژێندرایەوە، بۆ نەخۆشێك چێندرا

- 12/4/2019 9:17:00 PM 9156 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

پزیشكانی ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریكا، توانیان بە سەركەوتویی دڵێكی مردو ببوژێننەوە و پاشان لە جەستەی نەخۆشێكدا بیچێنن كە پێویستی بەو دڵە بوە.

پزیشكانی زانكۆی دیوك لە ویلایەتی كارۆلاینا-ئەمریكا، توانیان دڵی كەسێكی مردو كە پێش مردنی فۆرمی بەخشینی ئەندامەكانی جەستەی پڕكردوەتەوە ببوژێننەوە، دواتریش ئەو دڵە لە جەستەی نەخۆشێكدا بچێنن كە پیویستیی پێی بوە.

رۆژنامەی نیویۆرك پۆست-ی ئەمریكی سەبارەت بەو بابەتە رایگەیاندوە "پاش ئەوەی دڵی كەسە خۆبەخشەكە لەكاركەوتوە، پزیشكان توانیویانە لەرێگەی بەكارهێنانی ئامێری دەستكردی سوڕی خوێنەوە دڵەكە ببوژێننەوە".

ئاماژە بەوەشكراوە، دەستبەجێ پاش ئەوەی دڵەكە كەوتوەتەلێدان، لە جەستەی نەخۆشێكدا چێندراوە كە پێشتر لە سوپادا كاریكردوە، ئەوەش بەپێی راگەیەندراوێكی كەناڵی تەلەڤزیۆنی فۆكسنیوز لەو نەخۆشخانەیەی نەشتەرگەریەكەی تێدا ئەنجامدراوە.

بۆ ئەوەی سەرلەنوێ دڵێكی مردو ببوژێننەوە، پزیشكەكان لە پرۆسەیەكی سوڕی خوێنی دەستكردا ئۆكسجین و خۆراكیان ناردوە بۆ دڵەكە، كە ئەو رێگەیە بۆ یەكەمجار ساڵی 2015 لە شانشینی یەكگرتوی بریتانیا تاقیكراوەتەوە.


Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP