خەندان وردەکاری پڕۆژەیاسای تاپۆكردنی خانوه‌ زیاده‌ڕۆكان بڵاودەکاتەوە
فراكسیۆنه‌كانی پەرلەمان و حكومه‌ت له‌سه‌ر تاپۆكردنی خانوه‌ زیاده‌ڕۆكان رێكده‌كه‌ون

- 12/4/2019 2:48:00 PM 5165 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

په‌رله‌مانی كوردستان و حكومه‌تی هه‌رێمی کوردستان له‌سه‌ر تاپۆكردنی خانوه‌ زیاده‌ڕۆییه‌كان رێكده‌كه‌ون، ئەندامێکی پەرلەمانیش رایدەگەیەنێت، تا ئێستا لەسەر ماددەیەک لە گفتوگۆدان.

ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ په‌رله‌مانی كوردستان کۆبوەوە، یەکێک لە تەوەرەکانی کۆبونەوەکە گفتوگۆکردنە له‌سه‌ر یاسای به‌خاوه‌نكردنی ئه‌و زه‌ویانه‌ی له‌سنوری شاره‌وانیه‌كان زیاده‌ڕۆییان لەسەر کراوە.
 گفتوگۆی زۆر له‌سه‌ر پرۆژه‌یاساكه‌ كراو تا ئێستا له‌سه‌ر بڕگه‌ی (ب) له‌ماده‌ی پێنجه‌م نه‌گه‌یشتونه‌ته‌ ڕێكکه‌وتنی كۆتایی

 

لوقمان وه‌ردی، ئه‌ندامی لیژنه‌ی یاسایی له‌ په‌رله‌مانی كوردستان به‌ خه‌ندان-ی راگه‌یاند، گفتوگۆی زۆر له‌سه‌ر پرۆژه‌یاساكه‌ كراو تا ئێستا له‌سه‌ر بڕگه‌ی (ب) له‌ماده‌ی پێنجه‌م نه‌گه‌یشتونه‌ته‌ ڕێكکه‌وتنی كۆتایی، كه‌ تایبه‌ته‌ به‌وه‌ی، حكومه‌ت و سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم و وه‌زاره‌تی شاره‌وانی پێیان باشه‌ ئه‌و كه‌سانه‌ی خانوی زه‌ویان بۆ تاپۆ ده‌كرێت به‌سودمه‌ند ئه‌ژمار ده‌كرێت.
فه‌رمانبه‌رێكی حكومی كه‌ ره‌نگه‌ 30 ساڵ خزمه‌تی هه‌بوبێت هیچ زه‌ویه‌كی وه‌رنه‌گرتوه‌و توانیویه‌تی پارچه‌ زه‌ویه‌ك یان خانووه‌كی كڕی بێت، نابێت له‌كاتی تاپۆكردن بۆی به‌سودمه‌ندبو ئه‌ژمار بكرێت

 

ئاماژەی بەوەشکرد، "پێمانوایه‌ فه‌رمانبه‌رێكی حكومی كه‌ ره‌نگه‌ 30 ساڵ خزمه‌تی هه‌بوبێت هیچ زه‌ویه‌كی وه‌رنه‌گرتوه‌و توانیویه‌تی پارچه‌ زه‌ویه‌ك یان خانووه‌كی كڕی بێت، نابێت له‌كاتی تاپۆكردن بۆی به‌سودمه‌ندبو ئه‌ژمار بكرێت، چونكه‌ له‌به‌رامبه‌ر تاپۆكردنه‌كه‌دا پاره‌ی لێوه‌رده‌گیرێت".
حکومەتی هەرێمی کوردستان چەند تێبینییەکی تەکنیکی لەسەر یاسای به‌خاوه‌نكردنی ئه‌و زه‌وییانه‌ى زێده‌ڕۆییان له‌سه‌ركراوه هەیە

 

کۆتایی مانگی رابردو دەزگای میدیایی خەندان بڵاویکردەوە، حکومەتی هەرێمی کوردستان چەند تێبینییەکی "تەکنیکی" لەسەر یاسای به‌خاوه‌نكردنی ئه‌و زه‌وییانه‌ى زێده‌ڕۆییان له‌سه‌ركراوه هەیە، بۆیە داوای لە سەرۆکی هەرێمی کوردستان کردوە یاساکە بەمەبەستی دوبارە پێداچونەوەی رەوانەی پەرلەمان بکرێتەوە، دواتریش سەرۆکایەتی هەرێم یاساکەی رەتکردەوە و رەوانەی پەرلەمانی کردەوە.
"له‌سه‌ر سیغه‌یه‌ك رێكه‌وتنێكی سه‌ره‌تاییمان كردوه‌، كه‌ زیاده‌ڕۆكار به‌سودمه‌ند له‌ده‌وڵه‌ت ئه‌ژمار ده‌كرێن، له‌كاتێكدا ئه‌گه‌ر ڕوبه‌ری زه‌ویه‌كه‌ی زیاتر بو لە روبەری دیاریکراو 

 

لوقمان ئاماژه‌ی به‌گفتوگۆی نێوان فراكسیۆنه‌كان و حكومه‌ت كردو وتی، "له‌سه‌ر سیغه‌یه‌ك رێكه‌وتنێكی سه‌ره‌تاییمان كردوه‌، كه‌ زیاده‌ڕۆكار به‌سودمه‌ند له‌ده‌وڵه‌ت ئه‌ژمار ده‌كرێن، له‌كاتێكدا ئه‌گه‌ر ڕوبه‌ری زه‌ویه‌كه‌ی زیاتر بو له‌و ڕوبه‌ره‌ی له‌ماده‌ی 2ی بڕگه‌ی شه‌شه‌م دیاریكراوه‌ (ناوه‌ندی پارێزگاكان 200 مه‌تر، له‌ناوه‌ندی قه‌زاكان 250 مه‌تر، له‌ناوه‌ندی ناحیه‌كان 300 مه‌تر) واته‌ ئه‌گه‌ر كه‌سێك له‌و ڕوبه‌رانه‌ زیاتری هه‌بو به‌سودمه‌ندبو ئه‌ژمار بكرێت و ئه‌گه‌ر كه‌متر بو به‌سودمه‌ندبو ئه‌ژمار ناكرێت".

ئەو پەرلەمانتارەی کوردستان رونیشیکردەوە، هه‌ر له‌چوارچێوه‌ی دانیشته‌كه‌ی ئه‌مڕۆی په‌رله‌مان، له‌ڕوی ده‌سته‌واژه‌ییه‌وه‌ ناوی زیاده‌ڕۆیی گۆڕاوه‌ به‌زیاده‌ڕۆكار.

یاسای به‌خاوه‌نكردنی ئه‌و زه‌وییانه‌ى زێده‌ڕۆییان له‌سه‌ركراوه‌، رۆژی 30ی ترشرینی یەکەمی ئەمساڵ لەلایەن پەرلەمانی کوردستانەوە پەسەند کراوە و رەوانەی سەرۆکایەتی هەرێم کراوە بۆ پەسەندکردنی.
نرخى هه‌ر مه‌ترێك له‌ ناوەندی پارێزگاکاندا له‌نێوان 15 بۆ 30 هەزار دینار دەبێت، لە قەزاکانیش لە 10 بۆ 15 هه‌زار دینار دەبێت

 

بەگوێرەی یاساکە نرخى هه‌ر مه‌ترێك له‌ ناوەندی پارێزگاکاندا له‌نێوان 15 بۆ 30 هەزار دینار دەبێت، لە قەزاکانیش لە 10 بۆ 15 هه‌زار دینار  و له‌ ناحیه‌كانیش بۆ هەرمەترێک پێنج بۆ هەشت هەزار دینار دیاریكراوە.

بە گوێرەی یاسای سەرۆکایەتی هه‌رێمی کوردستان، سه‌رۆكى هه‌رێم بۆى هه‌یه‌ له‌ماوه‌ى 10 رۆژدا ئەو یاسایانەی لەلایەن پەرلەمانی کوردستانەوە پەسەند دەکرێن و رەوانەی پەرلەمان دەکرێن په‌سه‌ند بكات، یانیش تانه‌ى لێبدات و بیگێڕێته‌وه‌ بۆ په‌رله‌مان بەمەبەستی دوبارە پێداچونەوەی.


Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP