بەپەلە

خەندان زانیاری لەبارەی دابەشکردنی موچەی مانگی ئەیلول بڵاودەکاتەوە

- 12/4/2019 2:14:00 PM 128872 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

سەرچاوەیەکی ئاگادار لە گەنجیەی سلێمانی لەبارەی دابه‌شكردنی موچه‌ی مانگی ئەیلولی ئەمساڵی فه‌رمانبه‌ران رایگەیاند، سبەی دەستبەدابەشکردنی موچە ناکرێت و چەند رۆژێک دوادەکەوێت.

پێنجی هەمو مانگێک وەزارەتی دارایی و ئابوری حکومەتی هەرێمی کوردستان بە دو قۆناغ دەستبەدابەشکردنی موچە دەکات، تا کۆتایی مانگ موچەی تەواوی وەزارەت و دەستەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان دابەشدەکرێت.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لە گەنجیەی سلێمانی بە خه‌ندان-ی راگەیاند، ئه‌گه‌رچی بڕیاربو سبەی دەستبەدابەشکردنی موچە بکرێت، بەڵام له‌لایه‌ن وه‌زاره‌تی داراییه‌وه‌ هیچ بڕیارێكیان به‌ده‌ست نه‌گه‌یشتوه‌ كه‌ سبه‌ینێ 5-12-2019 ده‌ست به‌دابه‌شكردنی موچه‌ بكه‌ن.

هه‌ر به‌گوێره‌ی زانیاریه‌كانی ئه‌و سه‌رچاوه‌یه‌، بڕیاره‌ ڕۆژی یه‌كشه‌ممه‌ 8-12-2019 ده‌ست به‌دابه‌شكردنی موچه‌ی مانگی ئەیلول بكرێت، به‌پێی ڕیزبه‌ندی وه‌زاره‌ته‌كانیش بۆ دابه‌شكردنی موچه‌، وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ یه‌كه‌م وه‌زاره‌ت ده‌بێت.

وەزارەتی دارایی و ئابوری هەرێمی کوردستان بۆ دابەشکردنی موچە پشتبە دو سەرچاوەی دارایی دەبەستێت، یەکەمیان، فرۆشتنی نەوتی هەرێمی کوردستانە بەشێوەی سەربەخۆ، دوەمیان ناردنی پشکی هەرێمی کوردستانە لە بەغداوە کە مانگانە 522 ملیار دینارە.

بەپێی وتەی پەرلەمانتارانی کوردستان، کۆی مانگه‌که‌ هەرێمی کوردستان نزیکه‌ی 13 ملیۆن به‌رمیل نەوتی فرۆشتوە، ئه‌و پاره‌یەشی دراوه‌ به‌ وه‌زاره‌تی دارایی 300 ملیۆن دۆلاره‌، "واتا له‌ هه‌ر به‌رمیلێک نه‌وت ته‌نیا 22.67  دۆلار شه‌ست دراوه‌ته‌ وه‌زاره‌تی دارایی".   


Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP