نرخێكی نوێ بۆ رسوماته‌كانی نوێكردنه‌وه‌ی پاسپۆرت دیاریكرا

- 12/4/2019 10:36:00 AM 161587 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

نرخی نوێكردنه‌وه‌ی سه‌رجه‌م رسوماته‌كانی نوێكردنه‌وه‌ی پاسپۆرت له‌ 15 هه‌زار دیناره‌وه‌ ده‌كرێته‌ هەشت هه‌زار، ئه‌ندامێكی ئه‌نجومه‌نی پارێزگای سلێمانی جه‌ختده‌كاته‌وه‌، له‌هه‌وڵه‌كانیان به‌رده‌وام ده‌بن بۆ ئه‌وه‌ی نرخه‌كه‌ بكه‌نه‌ پێنج هه‌زار دینار.

ره‌مه‌زان نامیق، ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی پارێزگای سلێمانی به‌ خه‌ندان-ی راگه‌یاند، له‌ماوه‌ی ڕابردودا، وه‌ك هه‌رسێ لیژنه‌ی ناوخۆ، دارایی و یاسایی، ئه‌نجومه‌نی پارێزگا سه‌ردانی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی پاسپۆرتی سلێمانیانكردوە، له‌گه‌ڵ پارێزگار و لیژنه‌كانی قائیمقامیه‌ت هه‌ماهه‌نگیان كرد، نرخی پڕكردنه‌وه‌ی فۆڕم و سه‌رجه‌م ئیستنساخ و به‌ڵگه‌نامه‌كان له‌ 15 هه‌زار دینار كه‌مبكرێته‌وه‌، به‌ڵام دواتر له‌چوارچێوه‌ی هه‌وڵه‌كانمان نرخه‌كه‌ كرا به‌ 10 هه‌زار.

ئاماژەی بەوەشکرد، "چه‌ندین جاری دیکە داوامانكرد بكرێته‌ پێنج هه‌زار دینار، چونكه‌ به‌و بڕه‌ پاره‌یه‌ هه‌م عه‌ریزه‌ نوسه‌كان سودی لێ ده‌بینن و هه‌میش بۆ هاوڵاتیان گونجاوه‌".

ره‌مه‌زان نامیق باسی لەوەشکرد، لیژنه‌كانی قایمقامیه‌ت لیژنه‌یه‌كیان پێكهێناوە، له‌ئێستاشدا بڕیاردراوه‌ كه‌ بكرێت به‌ هەشت هه‌زار دینار، به‌ڵام ئه‌و هەشت هه‌زار دیناره‌ش زۆره‌و له‌هه‌وڵه‌كانیان به‌رده‌وام ده‌بن تا بكرێته‌ پێنج هه‌زار دینار.


Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP