راپۆرتی ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمریكا ترەمپ بە كاركردن بۆ بەرژەوەندی خۆی تۆمەتباردەكات

- 12/3/2019 10:26:00 PM 3854 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

لیژنەی كاروباری هەواڵگری ئەنجومەنی نوێنەرانی ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریكا سەبارەت بە دۆسیەی لەكارلابردنی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتوەكان راپۆرتی خۆی بڵاوكردەوە و بە كاركردن بۆ بەرژەوەندی تاكە كەسی خۆی و هێرشكردنە سەر شایەتحاڵان تۆموتباری دەكات.

لە راپۆرتەكەدا هاتوە، لەماوەی ئەم چەند مانگەی رابردودا ترەمپ هەوڵیداوە دەسەڵاتەكانی بەكاربهێنێت و بۆ یارمەتیدانی وڵاتانی بیانی بە یارمەتی سەربازیشەوە بۆ ئەوەی لە هەڵژاردنەكانی سەرۆكایەتی ئەمریكا كە بڕیارە ساڵی 2020 ئەنجامبدرێت پشتگیری وڵاتانی بیانی بەدەستبهێنێت.

ئاماژە بەوەشكراوە، پەیوەندیە تەلەفۆنیەكەی 25ی تەموزی رابردوی نێوان ترەمپ و ڤلادیمیر زلینسكی سەرۆكی ئۆكرانیا، بەرەو پێشچونێكی دراماتیكییە و بەڵگەیەكی رونە لەو لێپێچینەوانەی بەرامبەر ترەمپ ئەنجامدراوە، هاوكات ترەمپ تۆمەتباركراوە بەوەی كە ئاستەنگی خستوەتە بەردەم لێكۆڵیینەوەكان لەبەردەم دۆسیەی لابردنیدا ئەویش لە رێگەی ترساندنی شایەتحاڵەكان و هێرشكردنە سەریان.

بەگوێرەی راپۆرتی لیژنەكە، ترەمپ داوای لە شایەتحاڵەكان كردوە كە وەڵامی داواكارییەكانی دەزگاكانی لێكۆڵینەوەی تایبەت بە دۆسیەكە نەدەنەوە، ئەو كارەش بە تاوانێكی فیدڕاڵی لەقەڵەمدراوە، چونكە تاكو ئێستا هیچ بەرپرسێكی ئەمریكا داوای لە شایەتحاڵەكان نەكردوە لەبەردەم كۆنگرێس شایەتی نەدەن.

ئەو لیژنەیە تەئكیدی كردوەتەوە كە دەبێت لێكۆڵینەوەكان بەردەوام بێت و بۆ ئەنجومەنی دادوەری ئەمریكا بەرزبكرێتەوە.


Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP