سەرۆكی چوار وڵاتی زلهێزی جیهان لە بریتانیا كۆبونەوە

- 12/3/2019 8:22:00 PM 2821 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

كۆبونەوەی لوتكەی چوارقۆڵی لەنێوان سەرۆكی هەرچوار وڵاتی فرەنسا و بریتانیا و ئەڵمانیا و توركیا سەبارەت بە دۆخی سوریا، لە شاری لەندەن كۆتایی پێهات.

ئەمڕۆ سێشەممە، ئیمانوێل ماكرۆن، سەرۆكی فڕەنسا و بۆریس جۆنسن، سەرۆك وەزیرانی بریتانیا و ئەنگێلا مێركڵ، راوێژكاری ئەڵمانیا لەگەڵ رەجەب تەییب ئەردۆگان، سەرۆك كۆماری توركیا سەبارەت بە سوریا لە شاری لەندەن-ی پایتەختی بریتانیا كۆبونەوە.

بەگوێرەی میدیا جیهانییەكان، كۆبونەوەكەی نێوان ئەو چوار وڵاتە 50 خولەكی خایاندوە و لە نوسینگەی سەرۆك وەزیرانی بریتانیا لە لەندەن بەڕێوەچوە.

پاش تەواوبونی كۆبونەوەكە ئەنگێلا مێركڵ بە رۆژنامەنوسانی راگەیاند "چاوپێكەوتنێكی باش و بەسودمان ئەنجامداوە سەبارەت بە دۆخی سوریا".

ئاماژەی بەوەشكرد "لەگەڵ ئەوەدا ناكۆكی لەنێوان ئەندامانی كۆبونەوەكەدا هەیە، پێویستە لەسەرمان چارەسەری بكەین و گفتوگۆ لەسەر داهاتوی ناتۆ و بەرژەوەندیە ستراتیجی و هاوبەشەكانمان ئەنجامبدەین".

 هاوكات سەبارەت بەو كۆبونەوەیە، ئەردۆگان لەكاتی هاتنەدەرەوەیدا لە كۆبونەوەكە بە رۆژنامەنوسانی وت "كۆبونەوەكەمان لەگەل سەرۆكی هەرسێ وڵاتەكەی دیكە زۆر باش بوە".

ئەو كۆبونەوە چوار قۆڵیە سەبارەت بە دۆخی سوریا، لەمیانی كۆبونەوەی لوتكەی نێوان سەرۆكی وڵاتانی هاوپەیمانی باكوری ئەتڵەسی "ناتۆ"دایە، كە لە لەندەن-ی پایتەختی بریتانیا بەڕێوەدەچێت.



Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP