سکرتێری رێکخراوی ناتۆ: پێناچێت بتوانین لەکۆبونەوی لەندەندا کێشەی تورکیا و ئەندامانی ناتۆ چارەسەربکەین

- 12/3/2019 4:22:00 PM 3409 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

سکرتێری گشتی رێکخراوی ناتۆ رایگەیاند، پێناچێت بتوانن کێشەی نێوان تورکیا و ئەندامانی رێکخراوی ناتۆ لەکۆبونەوەی گشتی سەرکردەکانی رێکخراوەکە لەلەندەن چارەسەر بکەن.

بەپێی هەواڵێکی ئاژانسی رۆیتەرز، پێش دەستپێکردنی کۆبونەوەی لوتکەی سەرکردەکانی ناتۆ لەلەندەن، جینس ستۆڵتنبێرگ سکرتێری گشتی رێکخراوی ناتۆ رایگەیاندوە، پێناچێت بتوانن کێشەی نێوان تورکیا و ئەندامانی رێکخراوەکە چارەسەر بکەن، بەڵام هەوڵەکانیان لەوبارەیەوە بەردەوام دەبێت.
پلانیان بۆ بۆ بەرگریکردن لەوڵاتانی بەڵتیق هەیە

سکرتێری گشتی رێکخراوی ناتۆ راشیگەیاند بەباشیان نەزانیوە پرسیار و گومان لەبارەی گەرەنتیکردنی ئاسایشی هاوپەیمانانی رۆژئاواوە بکەن، بەڵام جەختیکردەوە کە پلانیان بۆ بۆ بەرگریکردن لەوڵاتانی بەڵتیق هەیە.

لەبارەی هەڵوێستی ئەمریکاش، پاش خواردنی نانی بەیانی لەگەڵ دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەمریکا، سکرتێری گشتی رێکخراوی ناتۆ رایگەیاند، تائێستا پشتیوانی بەهێزیان لەناو ئەمریکادا هەیە.

وتیشی، بەڵێ لێدوانی توند و پێچەوانە هەیە، بەڵام هێشتا لەلایەن ئەمریکاوە پشتیوانییەکی بەهێزیان دەکرێت.

وابڕیارە ئەمڕۆ کۆبونەوەی لوتکەی وڵاتانی ناتۆ لە لەندەنی پایتەخی بریتانیا بەڕێوەبچێت، بۆ ئەم مەبەستەش دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا گەیشتە لەندەن.

کۆبونەوەی لوتکەی هاوپەیمانی ناتۆ لە لەندەنی پایتەختی بریتانیا بەڕێوەدەچێت، لە ئەمڕۆ سێشەممەوە دەستپێدەکات و تا سبەینێ بەردەوامی دەبێت.

کۆبونەوەکە بە سەرۆکایەتی ئەمینداری گشتی هاوپەیمانی ناتۆ بەڕێوەدەچێت لە ئوتێلی گروف، ئەوەش لەکاتێکدایە لە دو مانگی رابردودا وڵاتانی هاوپەیمانی ناتۆ چەندین ناکۆکیان لەنێواندا دروستبوە.

یەکەمین ناکۆکی نێوانیان کاتێک دەستیپێکرد کە تورکیا کە یەکێکە لە وڵاتانی ئەندام لە هاوپەیمانێتییەکەدا لە 9ی ئۆکتۆبەردا هێرشیکردە سەر کوردەکانی رۆژئاڤای کوردستان، کە هاوپەیمانی ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا بون لەشەڕی دژی داعشدا.

لەمانگی نۆڤەمبەری ئەمساڵدا ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆک کۆماری فڕەنسا هێرشیکردە سەر هاوپەیمانی ناتۆ و بە نەخۆشێکی "مێشک مردو" ناویبرد، بەهۆی ئەوەی وڵاتانی ئەوروپا بەبێ ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا ناتوانن خۆیان لەهەڕەشەی رەوانەکردنەوەی تیرۆرستان لەلایەن تورکیاوە بۆ وڵاتەکانیان بپارێزن.



Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP