هەرێمی کوردستان و بەغدا رێککەوتن
خەندان ناوەڕۆی رێککەوتنەکەی شاندی هەرێمی کوردستان و بەغدا بڵاودەکاتەوە

- 12/3/2019 12:35:00 PM 92034 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراق لەبارەی پرسی نەوتی و  پشکی هەرێمی کوردستان لە بودجەی 2020ی عێراق گەیشتنە رێککەوتنی کۆتایی، بەگوێرەی رێککەوتنەکە، هەرێم 250 هەزار بەرمیل نەوت رادەستی بەغدا دەکات و لە بەرامبەردا پشکی هەرێمی کوردستان لە بودجەی 2020 رەوانە دەکرێت.

سەرچاوەیەکی ئاگادار و باڵا لە حکومەتی عێراق بە خەندان-ی راگەیاند، شاندی هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراق گەیشتونەتە رێککەوتن، مانگانە هەرێم 250 هەزار بەرمل نەوت لە رێگەی کۆمپانیای سۆمۆوە هەناردەی دەرەوە دەکات و لەبەرامبەردا حکومەتی عێراق گرەنتی ناردنی پشکی هەرێمی کوردستان لە بودجە دەکات.

ئاماژەی بەوەشکرد، بودجەی خەملێندراوی ساڵی 2020ی عێراق بە 162 ترلیۆن دینار دەخەمڵێندرێت و پشکی هەرێمی کوردستانیش کە 11 ترلیۆن دینارە رەوانە دەکات.

بەپێی لێدوانی بەرپرسانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، هەرێمی کوردستان لە ئێستادا  450 هەزار بەرمیل نەوت هەناردەی دەرەوەی کوردستان دەکات، بەپێی وتەی سەرچاوەکەی خەندان، هەرێم دوای رێککەوتنی لەگەڵ بەغدا 200 بەرمیل بە سەربەخۆ هەناردەی دەرەوەی کوردستان دەکات. 

سەرچاوەکە رونیکردەوە، داهاتی ئەو 200 بەرمیل نەوتەی کە سەربەخۆی دەیفرۆشێت، شایستە داراییەکانی کۆمپانیا نەوتییەکان و هەندێک لەقەزەکانی سەر هەرێمی کوردستانی لێدەدەرێتەوە.

هەرێمی کوردستان و بەغدا لە سەرەتای ساڵی 2014ەوە لەبارەی پرسی نەوت و پشکی هەرێمی کوردستان لە بودجەی عێراق ناکۆکن، ئەوەش دوای ئەوەی هەرێمی کوردستان بڕیاری بە سەربەخۆ فرۆشتنی نەوتیدا و چەندین رێککەوتنی بازرگانی بۆ هەناردەکردنی نەوتی کوردستان بۆ بەندەری جەیهان واژۆکرد و حکومەتی عێراقیش پشکی هەرێمی کوردستانی بڕی. 

خەندان ئەوەشی زانیوە، شاندی هەرێمی کوردستان و بەغدا رێککەوتون کە هەرێمی حکومەتی هەرێم وردەکاری گرێبەستەکانی نەوت لەگەڵ سەرجەم کۆمپانیا بیانیەکان و ناوچەییەکان بخاتەڕو، هاوکات حکومەتی عێراق مافی پێداچونەوە و پرسیاری لەبارەی گرێبەستەکانەوە دەبێت.

لەبارەی داهاتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان سەرچاوەکەی خەندان رونیکردەوە، "تا ئێستا داهاتی ناوخۆی هەرێمی کردستان رون نییە، بەغدا داوای رونکردنەوە دەکات، بۆ ئەوەی رێککەوتنی لەبارەوە بکرێت، بڕیارە لە ئایندە لەوبارەیەوە کۆببنەوە".

بەپێی یاسای بودجەی 2019ی عێراق، لە مانگی نیسانی ئەمساڵەوە حکومەتی عێراق مانگانە بڕی 522 ملیار دیناری بۆ موچەی هێزەکانی پێشمەرگە و فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان رەوانەکردوە، تا ئێستاش بەردەوامە.

رەوانەکردنی ئەو بڕە لەکاتێکدابو بڕیاربو، حکومەتی عێراق پشکی لەسەدا 12.67 بۆ هەرێمی کوردستان لە بودجەی عێراق بنێرێت، بەڵام بەهۆی ئەوەی هەرێمی کوردستان نەوتی رادەستی بەغدا نەکرد، پارەکە بۆ 522 ملیار دینار کەمکرایەوە، وەک ئەوەی لە یاسای بودجەدا هاتبو.


Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP